ژنان لە رۆژهەڵاتی كوردستان ساڵانێكی زۆر بوو گۆرانیگوتنیان لێ قەدەغە كرابوو. بەڵام بەتێكۆشان و ماندووبوونی خۆیان، ئێستە چەندان گرووپی هونەری و ژن و كچان هەن و رۆڵێكی گرنگ لەو بوارەدا دەبینن.
سنە بووەتە مەڵبەندی هونەری كوردی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی كوردستان، بەپێی ئامارەكان، زیاتر لە 50 گرووپی هونەری هەن و لەو ژمارەیەشدا بەشێكی زۆریان ئافرەتانی كورد تێیدا رۆڵی سەرەكی دەگێڕن.
ماوە ماوە گرووپێك لەو شارەوە سەرهەڵدەدات و كاری هونەری دەكات، چەندان گرووپی ژن و كچانی كوردیش هەن، ماوەی مانگێكە گرووپی هونەری بە ناوی "بێریتان" لە سنەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لەلایەن ژنانی هونەرمەندەوە دامەزراوە، بە مەبەستی پاراستنی هونەری كوردی و دەرخستنی تواناكانی ژنان كە لە ناویاندا پێنج ژنی ژەنیاری تێدایە.
مونا عەلی سەرپەرشتیاری گرووپی بێریتان و ژەنیاری دەفە كە ماوەی 15 ساڵە كاری هونەری دەكات، گوتی: ئامانج لە دامەزراندنی ئەو گرووپە بۆ هاتنە ناوەوەی ژنان بۆ دنیای هونەر و پاراستنی ئاواز و فۆلكلۆری ڕەسەنی نەتەوەی كوردە.
بەهۆی بارودۆخی سیاسی و تەناهیی رۆژهەڵاتی كوردستان، كورد لەو پارچەیە زۆرینەی كارەكانیان وەك جۆرێك لە شۆڕگێڕی ئەنجام دەدەن، ژنانیش لەو بوارەدا بوونەتە سەرمەشقی بزووتنەوە كوردییەكان.