پارێزگاری سەڵاحەدین ڕای گەیاند: سامەڕا دەكرێتە پایتەختی رۆشنبیریی عێراق و ترلیۆنێك دیناری بۆ تەرخان كراوە.
بەدر فەحل پارێزگاری سەڵاحەدین رای گەیاند، ئامادەكارییەكانی بە پایتەختكردنی رۆشنبیریی سامەڕا بەباشی بەڕێوە دەچێت، بەشێك لە پڕۆژەكانیش لە ناوەندی شارۆچكەكە و دەوروبەری بەرەو تەوابوون دەچن.
ئاماژەی بەوەش كردووە، ترلیۆنێك دینار بۆ پڕۆژەكە تەرخان كراوە، بەڵام تا ئێستە 100 ملیاریان وەرگرتووە، چاوەڕێن گوژمەی تری بودجەی دیاریكراویان بۆ خەرج بكرێت.
سامەڕا شارۆچكەیەكی سەربە پارێزگای سەڵاحەدینە و دەكەوێتە كەناری رووباری دیجلە، 125 كیلۆمەتر لە باكوری بەغدا دوورە.
سامەڕا لەلایەن جێنشینی عەباسییەكانەوە "موعتەسەم بیللا" لە ساڵی 221ی كۆچی بەرانبەر بە 835ی زاینی بنیات نراوە، كردوویەتی بە پایتەختی عەباسییەكان كە ماوەی 58 ساڵ وەك پایتەختی عەباسییەكان ماوەتەوە.
ـ لە سەردەمی دەسەڵات و فەرمانڕەواییە مێژووییەكان: لە سەردەمی مەنگۆلی و سەفەوییەكان ناوچەكە دووچاری كاولكاریی و خاپووربوون بووەتەوە و زیانی زۆری بەركەوتووە، بە پێچەوانەوە لە سەردەمی فەرمانڕەوایی عوسمانییەكان گرنگی بە شارەكە دراوە و دووبارە بووژاوەتەوە چەندان شوێنی گرنگی تێدا بنیات نراوە.
ساڵی 2003 شارۆچكەی سامەڕا لەگەڵ پارێزگای سەڵاحەدین، داگیركاریی ئەمەریكایان ڕەت كردەوە و ڕووبەڕوویان بوونەوە، دوای چەند جەنگێكی سەخت لەلایەن دانیشتووانەكەیەوە، ئەمەریكا توانی شارەكە كۆنترۆڵ بكات.
ـ بارودۆخی تەناهیی ناوچەكە دوای ئەمەریكا: لە نێوان سوننە و شیعەكان جەنگ و ململانێی تایفی دروست بوو، بەتایبەتی دوای تەقاندنەوە و خاپووركردنی مەزاری دوو ئیمامەكەی تایبەت بە شیعەكان.
ساڵی 2014: لە پێنجـی حوزەیرانی ساڵی 2014 ناوچەكە لەلایەن داعشەوە كۆنترۆڵ كرا، دوای دوو ساڵ لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانانەوە ڕزگار كرا.