شەهرامی نازری داوا لە "بابا نەورۆز" دەكات خەڵكی ئێران لە مەینەتی رزگار بكات

:: AM:09:32:07/04/2025 ‌
شەهرامی نازری بە شاكارێكی تر دەردەكەوێتەوە و گۆرانییەك بۆ نەورۆز دەڵێت، ئەمجارە شیعری شەمس و مەولانا ناكاتە گۆرانی، بەڵكو هاوار لە بابا نەورۆز دەكات بێت خەڵك لە مەینەتی رزگار بكات.

گۆرانیی "عەمو نەورۆز" نوێترین كاری هونەرمەندی گەورە شەهرامی نازرییە كە بەزمانی فارسی دەیڵێت، ئەم گۆرانییە ئاوێنەی ئەو خەم‌ و پەژارە قووڵەیە كە لە چاوی ئەو كەسانەدا كەڵەكە بووە، دەستی بەتاڵیان بەرەو ئەفسانەیەكی دێرین درێژ كردووە بۆ ئەوەی وەك فریادڕەس بێت ‌و رزگاریان بكات.

لە نوێترین گۆرانیدا، وەك جاران بەدەنگە ئەفسووناوییەكەی، باسی "شەمس‌ و مەولانا" ناكات، بەڵكو چیرۆكی ئەو خەم ‌و ئازارە گەورەیە بۆ "عەمو نەورۆز" دەگێڕێتەوە كە رووبەڕووی هاووڵاتییانی ئێران بووەتەوە.

عەمو نەورۆز یان بابا نەورۆز، یەكێكە لە هێماكانی نەورۆز كە بەباوەڕی خەڵكی ئێران، پیاوێكی پیر و سەر و ڕیش سپییە، شەوانی جەژنی نەورۆز دیاری بۆ منداڵان دەهێنێت و وەك فریادڕەسێك دەردەكەوێت.



وشە - سۆران عەزیز