رۆژیار خاڵه حه‌سۆ ده‌رچووی به‌شی شیكاری نه‌خۆشییه‌كانه و ماوه‌ی ساڵ و نیوێكه كاری نواندن ده‌كات، له‌م ماوه‌یه‌دا توانیویه‌تی له دوو دراما و فیلمێكی سینه‌مایی و چه‌ند كورته فیلمێك به‌شداری بكات، كۆتا كاری له فیلمی به‌رازیلییه شینه‌كه به‌شداریی كرد كه رۆڵی ئایشه‌ی به‌رجه‌سته كرد. رۆژیار له چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ ''وشه'' گوتی، ماوه‌یه‌كی زۆر نییه له كاری نواندن به‌شداریم كردووه، به‌ڵام توانایه‌كی باشم هه‌یه له‌و بواره.
پێشنیاری كێ بوو له فیلمی به‌رازیلییه شینه‌كه به‌شداریی بكه‌یت؟
پێشنیاری محه‌مه‌د شێروانی بوو كه ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه‌یه.
كاتێك رۆڵی ئایشهت خوێنده‌وه تاچه‌ند رۆڵه‌كه‌ت به‌دڵ بوو؟
سه‌ره‌تا كه رۆڵه‌كه‌م خوێنده‌وه پێم باش بوو، به‌ڵام پێم وانه‌بوو هێنده رۆڵێكی باش و گرنگ بێت، كاتێك رۆڵی ئایشه‌م له سینه‌مادا بینی، زانیم ئه‌و رۆڵه زۆر له‌وه گرنگتر بوو كه بیرم لێ ده‌كرده‌وه. پێشم وایه ژیانی دكتۆره ئایشه په‌یامی گرنگی تێدایه له‌باره‌ی ژیانی ئافره‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا.
ئێسته‌یش له كوردستان ئه‌و خۆشه‌ویستییه ماوه كه به‌رجه‌سته كراوه؟
بابه‌تی خۆشه‌ویستی لق و پۆپی زۆری هه‌یه و من ناتوانم هه‌مووی له پرسیارێكدا كۆ بكه‌مه‌وه باسی بكه‌م، چونكه خۆشه‌ویستی به‌پێی رابردووی مرۆڤه‌كان و ده‌روونیان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردا دێت، به‌ڵێ ده‌كرێ كه‌سانی وه‌ك ئایشه تا ئێسته‌یش هه‌بن، خۆشه‌ویستی به‌ڕاستی و له دڵێكی پاكه‌وه بكه‌ن، ده‌كرێت كچانێك تا ئێسته له ناو ماڵه‌كاندا هه‌بن و هه‌مان ژیانی ئایشه به‌ڕێ بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌مه گشتی نییه و رێژه‌كه‌ی دیاریكراو نییه.
رۆڵی ئایشه چ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر تۆ هه‌بوو؟
كاتێك خۆت ده‌خه‌یته جێگه‌ی ئایشه، ده‌توانی هه‌ست به بۆشاییه ده‌روونییه‌كانی ئه‌و كچه بكه‌یت له رووی سۆزه‌وه، چونكه وه‌ك ئه‌وه‌ی بینیمان ئایشه نه له دایك و نه له برا، هیچ سۆزێكی پێ نه‌دراوه و رێگریكردنیش له‌وه‌ی كه كه‌سێك بیه‌وێ سۆزی پێ بدات، بۆ كچێك له‌و كاته‌دا زۆر زه‌حمه‌ت بووه و خۆخستنه شوێنی كه‌سێكی وا به‌ڕاستی كاریگه‌ر بوو.
خۆشه‌ویستیی ئه‌وكات له‌گه‌ڵ هی ئێسته چ جیاوازییه‌كی هه‌بوو؟ ئێسته كچانی خوێنده‌وار تاچه‌ند ئاماده‌ن هاوسه‌رگیری له‌گه‌ڵ كوڕێكی نه‌خوێنده‌وار بكه‌ن كه رۆڵی ئایشه بوو؟
هه‌ر سه‌رده‌مێك شێوازی خۆی هه‌یه، بۆ بابه‌ته سۆزدارییه‌كان ناتوانرێ به‌راورد بكرێت، به‌ڵام ته‌نیا ئه‌وه‌یه پێشتر ساده‌تر و بێ مه‌رج خۆشه‌ویستی ده‌كرا، بابه‌تی خوێندن ئه‌وكات زۆر گرنگتر بوو وه‌ك له هی ئێسته، چونكه پزیشكی ئافره‌تمان كه‌م هه‌بووه، كاتێكیش كچێك ده‌بووه پزیشك، پێی وابوو رۆشنبیر و باڵاتره له نه‌خوێنده‌واره‌كان. بابه‌تی ئایشه جیاوازه چونكه كه‌سایه‌تیی ئایشه به وردی داڕێژراوه له رووی ده‌روونییه‌وه، ئه‌گه‌ر روونتر بڵێین رازیبوونی ئایشه به كوڕێكی نه‌خوێنده‌وار، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بۆشاییه ده‌روونییانه‌ی له رووی سۆز و خۆشه‌ویستی خێزانه‌كه‌یه‌وه نه‌یبینیوه، ئه‌وه‌ش وایكردووه بیر له شته‌كانی تر نه‌كاته‌وه .
هه‌ست ناكه‌یت فیلمی به‌رازیلییه شینه‌كه توانی كۆمه‌ڵێك بینه‌ری سینه‌ما به هۆڵی سینه‌ما ئاشت بكاته‌وه؟
به دڵنیاییه‌وه، چونكه سینه‌مای كوردی تا ئاستێك له چوارچێوه‌یه‌كدا بوو ته‌نیا بۆ به‌شێكی كۆمه‌ڵگه بوو، هه‌میشه فیلمه‌كانمان ده‌بینی لاساییه‌كی زۆر زه‌قی فیلمی فارسی یان توركی بوو، ئه‌وه وایكردبوو ته‌نیا به‌شێكی كۆمه‌ڵگه ئاشنا بێت به سینه‌ما، به‌ڵام ئه‌مجاره جیاواز بوو، ته‌نانه‌ت بۆ منیش جیاواز بوو كه یه‌كه‌م جار فیلمه‌كه‌م بینی، هه‌ستم به‌وه كرد سه‌یری فیلمێكی كوردی ته‌واو ده‌كه‌م و هه‌ڵقوڵاوی كولتووری كۆمهڵگهكهمه .
دوای ئه‌وه‌ی كه فیلمی به‌رازیلییه شینهكهت بینییه‌وه چ شتێك سه‌رنجی راكێشایت؟
ئه‌وه‌ی كه فیلمێكی كوردی ده‌بینم و له ژێر كاریگه‌ریی سینه‌ماكانی دراوسێدا نییه، زۆر دڵخۆشی كردووم .
بۆچی ده‌بێت له هه‌موو فیلمێكدا ئافره‌ت قوربانی بدات؟
نامه‌وێت بێمه سه‌ر بابه‌تی قوربانیدانی ئافره‌ت، واتا نامه‌وێت قسه دووباره‌كان بڵێمه‌وه له‌سه‌ر ئافره‌ت، چونكه دۆخی ئافره‌ت هۆكاری جۆراوجۆری هه‌یه و بابه‌تی تر له خۆ ده‌گرێت، به‌ڵام هۆكاری ئه‌وه‌ی له فیلمه‌كاندا به‌و شێوه‌یه‌یه ده‌بینین، له زۆربه‌ی ماڵه‌كان و رووداوه‌كان هه‌بووه.
له‌م فیلمه ترسی چیت هه‌بوو؟
نه‌توانم نواندنێكی باش بكه‌م .
حه‌زت ده‌كرد له‌م فیلمه‌دا له رۆڵی تۆ وه‌ك ئایشه چ شتێك بكرایه كه نه‌كرا؟
پێشتر ده‌رهێنه‌ر پرسیاری لێ كردووین و رای ئێمه‌ی وه‌رگرتووه، بۆیه شتێك نییه حه‌زم كردبێت و نه‌كرابێت.
هه‌ست ناكه‌یت ئه‌گه‌ر فیلمی جوانی وه‌ك به‌رازیلییه شینه‌كه به‌رهه‌م بهێنرێت و له سینه‌ماكان نمایش بكرێت، بینه‌ری سینه‌ما به‌ته‌واوی ئاشت ده‌بێته‌وه به سینه‌ما؟
به‌ڵێ بێگومان، بگره كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی زیاتر به كولتووری خۆی ئاشنا ده‌بێت و وه‌ك ده‌بینین له‌م چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا به‌هۆی فیلمه ده‌ره‌كییه‌كانه‌وه، خه‌ڵك له كولتوور و ته‌نانه‌ت خه‌ریكه له زمانی خۆیشی داده‌بڕێت و پێویسته كورده‌وارییانه و خۆماڵی بێت .
وشه/ ئه‌حمه‌د تاریق