كتێبە نوێیەكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناوی "جەمال" بڵاو دەكرێـتەوە

:: PM:01:28:10/04/2025 ‌
كتێبە نوێیەكەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە ناوی "جەمال"، لە 25ـی ئەم مانگە بڵاو دەكرێتـەوە و كتێبەكە باس لە كێشەی مرۆڤ لە دنیای نوێدا دەكات.

سەڵاحەدین دەمیرتاش هەشتەمین بەرهەمی خۆی كە رۆمانێكە بەناوی "جەمال"، لە گرتووخانەی ئەدیرنە ئامادەی كردووە و بڕیارە 25ـی نیسان بڵاو بكرێتەوە.

چاپخانەی دیپنۆت كە ئەركی چاپكردن و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی دەمیرتاشی لە ئەستۆ گرتووە، لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، ئەمڕۆ 10ـی نیسان رۆژی لەدایكبوونی دەمیرتاشە، بەو بۆنەیەوە كاتی بڵاوكردنەوەی رۆمانە نوێیەكەی بە ناوی "جەمال" ئاشكرا دەكەن كە 25ـی نیسانە.

بەگوتەی چاپخانەكە، رۆمانی "جەمال" باس لە كێشەی مرۆڤ لە دنیای نوێ دەكات، كاتێك هەوڵ بۆ ئازادی دەدات، بەر دەیان لەمپەری نوێ دەكەوێت، ئەمەش هەوڵی مرۆڤی بۆ ئازادی ئەستەم كردووە.

 دەمیرتاش لە گرتووخانەدا چەندان كتێبی نووسیوە، پێشتریش كتێبێكی تری بەناوی "داد" چاپ و بڵاو كرایەوە، دەمیرتاش لەم چیرۆكانەیدا خوێنەرانی دەباتە سەیرانێكی بێ وێنە، لە زبڵخانەی ئیستانبوڵەوە بۆ دادگاكان، لە ڤێلا ڕازاوەكانەوە بۆ فەرمانگەكانی وەرگرتنی باج، لە دوورگە دوورەدەستەكانەوە تا بە سۆزانیخانەكان دەگات، لە هەندێك شوێن پووچگەرایی تێكەڵ بە خەیاڵی زانستی دەبێت.

سەڵاحەدین دەمیرتاش نووسەر و سیاسەتمەدارێكی كوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی 1973دا لە شارۆكەی پالۆی سەربە پارێزگای خارپێتی باكوری كوردستان لە دایك بووە. لە ساڵی 2007دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (DTP) وەك نوێنەری پارێزگای ئامەد، بووەتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە دوای قەدەغەكردنی ئەم پارتە لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لە ساڵی 2010دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP).

سەڵاحەدین كوردی زازایە و دەرچووی كۆلێژی یاسایی زانكۆی ئەنكەرەیە. دەمیرتاش بەر لەوەی بەشێوەی ئەكتیڤ بێتە ناو سیاسەت، لە بەڕێوەبەرانی لقی ئامەدی كۆمەڵەی مافی مرۆڤ (IHD)  یوو. ھەروەھا لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی و ڕێكخستنی مافی مرۆڤی توركیایە.

لە چواری تشرینی یەكەمی 2016 لەلایەن حكوومەتی توركیاوە، لەگەڵ فیگەن یوكسەكداغ ئەندام پەرلەمانی ھەدەپە گیران و تا ئێستەش لە گرتووخانەیە، بەڵام ئەو ماوەیەی لە گرتووخانەدایە، چەند كتێبێكی نووسیوە "سەحەر، دەوران، لەیلان" كە هەموو كتێبەكانی فەرهاد چۆمانی بۆ كوردی سۆرانی وەریگێڕاون.



وشە - سۆران عەزیز