سەما: ئەوەی دەیكەم ناز نییە لە گۆرانی جووڵەم هەیە

:: PM:03:23:14/04/2025 ‌
خانمە گۆرانیبێژ سەما خودایی دانیشتووی شاری بۆكانە، توانی لە ماوەیەكی كەمدا جەماوەرێكی زۆر بۆ خۆی كۆ بكاتەوە لە رێگەی بەرهەمە هونەرییەكانیەوە كە جێگەی سەرنج و خواستی بینەر بوون.

سەرەتای دەركەوتنت زۆر بەخێرایی چوویتە ناو خەڵك، ئەمە هۆكاری چی بوو؟
هۆكاری ئەوەبوو بە عیشق و رۆحێكی پاكەوە دەستم پێ كردووە، بەیەكجاری نەگەڕاومەتەوە كوردستان، بەڵام بەردەوام هاتوچۆ دەكەم بەهۆی كارە هونەرییەكانم.
 
زۆر بە هەست و سۆز و نازەوە گۆرانی دەڵێیت، هۆكاری ئەم هەموو نازكردنە لە گۆرانیگوتندا چییە؟
ناز نییە و هەستە، من ناتوانم وەك رۆبۆتێك بێ جووڵە و بێ هەست گۆرانی بڵێم، گۆرانییەك دەڵێم دەبێت بە تەواوی ئەو گۆرانییە ئەدا بكەم.

جگە لە هونەری گۆرانی، داوات لێ كراوە بۆ كارێكی فیلم یا دراما وەك ئەكتەر بەشداری بكەیت؟
بەڵێ زۆریش داوام لێ كراوە، هەروەها پلانیشم بۆ داڕشتووە لە داهاتوویەكی نزیكدا وەك ئەكتەرێكی زۆر سەركەوتوو دەمبینن جگە لە گۆرانیگوتن.

پڕۆژەی تازەت چییە؟
یەكەم ئەلبوومی خۆم كە زۆربەی گۆرانییەكانی تێكست و ئاوازی خۆمن، ئێستە ئامادەیە و تەنیا ڤیدیۆ كلیپی ماوە، هێشتا نەگەیشتووم بەو ناوبانگەی خۆم دەمەوێت، زۆریشی نەماوە كە پێی بگەم.

لە ماڵباتەكەت بە دڵی كێ نەبوو تۆ ببیت بە گۆرانیبێژ؟
سەرەتا رازی نەبوون بەهۆی ئەوەی باوكم هونەرمەند بوو، دەمگوت رێگەیەكی سەخت و قورس و پڕ لە بەرزی و نزمییە، حەز ناكەم بكەومە ناو هەندێك كێشەی ناخۆش، بەڵام بە ئاستێك عاشقی هونەر و گۆرانی بوومە كە ئامادەی هەموو ناخۆشییەكانیش بووم.

دەڵێن ئەگەر هونەرمەند عاشق نەبێت و تاڵی و ناخۆشی عیشق نەچێژێت، ئەوا لە گوتنەوەی گۆرانییەكاندا سەركەوتوو نابێت؟
هونەر بەبێ عیشق ناكرێت، ژیان بێ عیشق ناكرێ و ئەوەی لەم دنیایەدا دەكرێت، دەبێت هۆكارێكی هەبێت، جا لەرووی عیشقەوە دەیكەیت یا نەفرەت، من عیشق و نەفرەت و باشی و خراپیم چەشتووە، بۆ هەموویان چیرۆكم هەیە و بۆ هەر چیرۆكێك تێكست و ئاوازم داناوە، بەزووترین كات لەگەڵ بڵاوبوونەوەی گۆرانییەكانی ئەلبوومەكەم دەبیستن.

وشە/ ئەحمەد تاریق  



وشە - وشه‌