خالید رەشید: چەند كەسێك بەناوی كۆمپانیاوە داوای پارەم لێ دەكەن

:: AM:10:52:15/04/2025 ‌
هونەرمەندی دیاری كورد خالید رەشید رای گەیاند، كۆمپانیایەكی پارێزەرانی ئەمەریكی لە كالیفۆرنیا بەناوی "ڤیرالدرم"، راسپێردراوە بۆ سنوورداركردنی سایتە هونەرییەكەی من. هاوكات دەڵێت: تاوانباریان كردووم كە گۆرانی و بەرهەمەكانم هی ئەوانە.

هونەرمەند خالید رەشید لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی، كۆمپانیایەك لە ئەمەریكا داوای پارەم لێ دەكەن گوایە من كارە هونەرییەكانی ئەوانم وەرگرتووە و بەناوی خۆم بڵاوم كردوونەتەوە.

خالی رەشید دەڵێـت: ئەو كۆمپانیایە بە كرێ ئەو كارە دەكەن و مانگی 10 هەزار دۆلاریان پێ دەدرێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ ئەم كۆمپانیایە كاری ئەوەیە كە خاوەندارێتیی بگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی، لایەنێكی دەوڵەمەند گۆرانییەكانی منی كردووە بەهی خۆی، منی خاوەنی دەنگورەنگی خۆمیان تاوانبار كردووە بەوەی كە كارە هونەرییەكانی ئەوان بەكار دێنم.

خالید رەشید ئاماژەی بەوەش داوە، ئەو كەسانە بەرهەمەكانی منیان كردووە بەهی خۆیان، ئا بەو جۆرە تاوانباریان كردووم، هێرش دەكەنە سەر سایتەكەم و  سایتەكەمیان لە 20 هەزار بینەرەوە كردووە بە 200 كەس.

خالید ڕەشید گۆرانیبێژ، نووسەر، شوێنەوارناس و میوزیكزانێكی كوردە. لە ساڵی 1968 لە سلێمانی باشووری كوردستان لەدایكبووە، خاوەنی شەش ئەلبوومی میوزیك و گۆرانییە، هەروەها دوو پەرتووكی بەزمانی سویدی لەسەر شوێنەوار چاپكراوە، بەسەدان بابەتی لەسەر كولتوور و مۆسیقا و شوێنەوار بڵاوكراوەتەوە.



وشە - سۆران عەزیز