نووسینى: سلێمان خه‌زاری
جاران چیرۆكى خۆشه‌ویستى ساده و روون بوو، ئاڵۆزییه‌كانى زۆر نه‌بوو. ئه‌وكات نامه‌كان به ده‌ست ده‌نووسران، به زه‌حمه‌ت به عاشقان ده‌گه‌یشت، به‌ڵام كه ده‌گه‌یشت هه‌ڵگرى راستگۆییه‌كى تایبه‌ت بوو، به خوێندنه‌وه‌ى گه‌رمییه‌ك ده‌كه‌وته دڵه‌وه. دیدار و ژوانه‌كان به زه‌حمه‌ت و به نهێنى رێكده‌خران، له باخچه گشتییه‌كان له قاوه‌خانه بچووكه‌كان، له رێگه‌ى لاپه‌ڕه‌ى ئه‌و كتێبانه‌ى كه به نهێنییه‌وه به ناو عاشقان تێپه‌ڕ ده‌بوون. سه‌ره‌ڕاى گه‌یشتن، به‌ڵام ئه‌وكات خۆشه‌ویستى روون بوو، هه‌رچه‌نده به یه‌كگه‌یشتن ده‌گمه‌ن بوو، به‌ڵام خۆشه‌ویستى راسته‌قینه بوو.
دواى ئه‌مه به سه‌رده‌مى سۆشیال میدیا گه‌یشتین، خۆشه‌ویستى بووه به وێنه‌ى رێكخراو و گوزارشتى كورت و ئاشكرا له به‌رده‌م هه‌مووان. گوزارشتكردن له خۆشه‌ویستى پێوه‌ست بوو به سه‌رسامبوون، یان به زمانى ته‌كنه‌لۆجیا بڵێین پێوه‌ست بوو به لایك، به وێنه و ستۆرى كورد كه دواى چه‌ند سه‌عاتێك یان خوله‌كێك نامێنێ.
ئێسته وامان لێ هاتووه به شێوه‌یه‌كى خێرا خۆشه‌ویستى ده‌كه‌ین و به خێرایش له بیر ده‌كه‌ین، هه‌ست و سۆزمان بووه‌ته بابه‌تێكى دیجیتاڵى، رۆژانه له‌گه‌ڵ هه‌زاران بابه‌تى تر به‌كارى ده‌هێنین. ئێسته وه‌ك جاران خۆشه‌ویستى به ساده‌یى نه‌ماوه‌ته‌وه، تایبه‌ت نییه، به‌ڵكو بووه‌ته دیمه‌نێكى كراوه كه هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێ ده‌توانێ سه‌یرى بكات و ته‌نانه‌ت كۆمێنتى بۆى هه‌بێت!
به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و گۆڕانكارییه گه‌ورانه، وا ده‌رده‌كه‌وێت ئێمه له لێوارى قۆناغێكى نوێ بین، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا نامۆیه، ئه‌ویش قۆناغى خۆشه‌ویستییه له سه‌رده‌مى ژیریى ده‌ستكرد. هه‌رچه‌نده ئه‌مه له یه‌كه‌م ساتدا وه‌ك خه‌یاڵ و زێده‌ڕۆیى ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ی ئێمه به كرده‌نى له‌و ساته نزیك ده‌بینه‌وه كه ژیریى ده‌ستكرد ده‌توانێ رۆڵى هاوڕێ ببینى، له‌وانه‌شه رۆژێك بێ رۆڵى خۆشه‌ویست ببینێ!
خه‌یاڵى ئه‌وه بكه بتوانین دیزاینى كه‌سێكى ئه‌لیكترۆنى بكه‌یت، هه‌موو ئه‌وانه‌ت بۆ بهێنێته دى كه له هاوژینێك ده‌یخوازى. كه‌سێك یان پرۆگرامێك بێ ئه‌وه‌ى بێزار بێت گوێت بۆ بگرێ، هه‌رگیز ره‌خنه له تۆ نه‌گرێت، هه‌موو ئه‌و ورده‌كارییانه‌ى له بیر بێت كه باست كردوون، جا بچووك بن یان پڕوپووچ. كه‌سێك له ناكاو ون نه‌بێت، له‌به‌ر مۆبایل فه‌رامۆشت نه‌كات، رۆژى له‌دایكبوونت یان بۆنه گرنگه‌كانت له یاد نه‌كات. له‌وانه‌یه ئه‌مه بۆ زۆر له خه‌ڵك سه‌رنجڕاكێش بێت كه له سه‌رده‌مێك ده‌ژین، تێیدا پێوه‌ندیى مرۆڤایه‌تیى ماندووكه‌ر و هه‌ندێك جاریش ئازاربه‌خشه.
به‌ڵام لێره‌دا پرسیارى راسته‌قینه ئه‌وه‌یه: ئایا ده‌توانین ئه‌مه ناو بنێین خۆشه‌ویستى؟ ئایا ئه‌وه‌ى به كردار ئێمه به دواى ده‌گه‌ڕێین ته‌نیا ئاسووده‌ییه‌كى هه‌میشه‌یه، كاردانه‌وه‌یه‌كى به‌رده‌وامه، یاخۆ به‌شێكى سه‌ره‌كى خۆشه‌ویستى له‌وه‌دایه له‌گه‌ڵ كه‌موكوڕیى كه‌سێكى تر بژیت، به‌شێكى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ ئاڵنگارى پێوه‌ندییه‌كه بیت؟
وه‌ڵامی كۆتاییم له‌لا نییه، ته‌نانه‌ت پێم وانییه تا ئێسته كه‌سێك وه‌ڵامى ئه‌و پرسیارانه‌ى هه‌بێت، به‌ڵام دڵنیام له‌وه‌ى رێگه‌مان به‌ره‌و ئه‌وه‌یه له نزیكترین كات ئه‌مه تاقى بكه‌ینه‌وه، له‌وانه‌شه هه‌ر به‌منزیكانه خۆمان له به‌رده‌م دووڕیانێكى نامۆ بدۆزینه‌وه، رێگه‌یه‌ك پێوه‌ندییه‌كى راسته‌قینه هه‌ڵبژێرین به هه‌موو چێژ و ئازاره‌كانیه‌وه، یانیش پێوه‌ندییه‌كى دیجیتاڵى و نموونه‌یى، خاڵى له هه‌ر نه‌نگییه‌ك، به‌ڵام ئه‌وه‌یان بێ ژیانیشه!
له سه‌رده‌مى ژیریى ده‌ستكرد، ته‌نیا ئه‌وه نییه ناترسین ئه‌ركه‌كانمان بگۆڕین، به‌ڵكو له‌وه‌ش ناترسین هه‌ست و سۆز و پێوه‌ندییه مرۆییه‌كانمان بگۆڕین، به‌ڵام پرسیارى گرنگ به كراوه‌یى ده‌مێنێته‌وه، كاتێك ئێمه ده‌توانین خۆشه‌ویستى و ئه‌ڤین به ته‌واوى به‌گوێره‌ى خواستى خۆمان دیزاین بكه‌ین، ئایا خۆشه‌ویستى هه‌ر به‌و جۆره ده‌مێنێته‌وه كه ناسیومانه؟ یان ده‌بێته شتێكى تر كه هه‌رگیز پێشتر خه‌یاڵمان نه‌كردووه؟