ئەمساڵ دووەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف لە ڕۆژانی 23/4/2025
تا 27/4/2025، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت، تێیدا نزیكەی 40 فیلم بەشداری دەكەن.
ڕەوەند جەواد سەرپەرشتیاری سۆشیال میدیای فێستیڤاڵ بۆ "وشە" رای گەیاند، ئەو فێستیڤاڵە جیاوازی لەگەڵ فێستیڤاڵەكانی تر ئەوەیە، بەشێوازی سینەمای نەتەوەیی هەنگاو دەنێت، لەبەرئەوەی فیلمەكان لە هەر چوار پارچەی كوردستانەوە بەدەست فێستیڤاڵ گەیشتوون و نمایش دەكرێن.
زیاتر گوتی، خەڵات گرنگتر ئەوەیە كە ساڵی پار و لە خولی یەكەمی فێستیڤاڵدا، 16 دەرهێنەری ژن شانبەشانی پیاوان، فیلمەكانیان لە پێشبڕكێدا بوون بۆ وەرگرتنی خەڵات، ئەمساڵیش هەشت تا نۆ ژنی كوردی دەرهێنەر فیلمەكانیان لەم فێستیڤاڵە بەشداری دەكەن. بۆیە ڕۆڵی ژن وەك فێستیڤاڵی فیلمی كوردیی دۆسلدۆرف بۆ ئێمە گرنگە .
لەبارەی خەڵاتەكانیشەوە رەوەند گوتی، خەڵاتەكانی فێستیڤاڵ بۆ پشتگیریكردنی ئەو فیلمسازانەیە تا فیلمی نوێ بەرهەم بێنن، بەڵام خەڵاتەكان بە ناوی یەكەم و دووەم و سێیەم نییە، بۆ ئەوەیش خەڵاتێكمان ئامادە كردووە بۆ براوەكان، ئەویش خەڵاتی مافی مرۆڤ، خەڵاتی سینەماكاری كورد یەڵماز گۆنای، خەڵاتی ژینا ئەمینی و خەڵاتی شۆڕشگێڕی شەهید سینەماكار خەلیل داغە. ئەو چوار خەڵاتە بۆ فیلمی درێژ و دیكۆمێنتارین.
ئەوەشی گوت كە ئەمساڵ فیستیڤاڵ لە ژێر مژاری سەرەكی بۆ ڕۆژئاڤا و بەرخودانی بەنداوی تشرین، دەبنە بابەتی سەرەكی، لە هەمان كاتدا شەهید "بابی تەیار" هونەرمەندی كۆمیدی كە شەهیدی بەنداوی تشرینە لە رۆژئاڤا، چەند بەرهەمێكی نمایش دەكرێن، لەگەڵ ئەوەشدا دوو پانێڵ لە فێستیڤاڵ ئەنجام دەدرێن، یەكیان لە ژێر ناوی رۆژئاڤا و پانێڵی دووەمیش لە ژێر ناوی سینەمای كوردی دەبێت.
لەم فێستیڤاڵەدا نزیكەی 40 فیلمی درێژ و دیكیۆمێنتاری بەشدار دەبن، هاوكات چوار سینەماكار لە هەر چوار پارچەی كوردستان لە لیژنەی ژووریی بۆ فیلمەكان دانراون. لەگەڵ ئەوانەیشدا دوو كۆڕی ناسین و خوێندنەوەی كتێب، بۆ دوو ڕۆماننووسی ڕۆژئاڤای كوردستان و باكوری كوردستان ساز دەكرێن .
وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد