پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب، لە رۆژانی كۆتاییدایە و ئەمساڵ كتێبخانەكان لە فرۆشی كتێب رازین و زۆرینەیان دەڵێن: خوێنەر زیادی كردووە.
17 ساڵە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كتێب بەردەوامە، لەم 17 ساڵەدا سەرۆك بارزانی وەك پڕۆژەیەكی كولتووری گەورەی كوردستان سەرپەرشتیی كردووە و هاوكار بووە تا كتێب ببێتە كولتووری نەوەی داهاتووی كورد.
خاوەن كتێبخانەكانی بەشداری پێشانگە دەڵێن: ئەو 10 رۆژە رۆژانی گرنگن بۆ چاپخانە و دەزگاكانی وەشان و زۆرترین كتێبەكانیان دەفرۆشن.
عەتا رەئووف بەرپرسی كتێبخانەی هەژاری موركیانی كە لە هەڵەبجەوە بەشداریی پێشانگەكەی كردووە، بە"وشە"ی گوت، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو، فرۆشی كتێب زۆر زیاترە و رۆژانە لە 18 مەتردا كتێبخانەی هەژاری موكریانی، بایی یەك ملیۆن و 200 هەزار دینار دەفرۆشێت.
ئەو كتێبفرۆشە دەڵێت: چاوەڕێمان دەكرد بەهۆی تەكنەلۆجیاوە كتێبفرۆشی ئەمساڵ لە ساڵانی پێشتر خراپتر بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئێستە نەوەیەكی نوێ هەیە حەزیان لە كتێب خوێندنەوەیە و زۆرینەی ئەو نەوەیەش كچ و ژنی كوردن كە بەلێشاو روو لە پێشانگە دەكەن و كتێب دەكڕن.
بەپێی داتاكان، هێشتا كتێبخانە ئاینییەكان زۆرترین فرۆشیان هەیە، لەمبارەیەوە جەعفەر گوانی كە مامۆستای زانستە ئیسلامییەكانە، سەبەتەكەی پڕ كردووە لە كتێبی ئاینی و دەڵێت، كتێبە ئاینییەكان هەموو شتێكیان لەسەر ژیان و فێربوون تێدایە، بۆیە زۆرترین كڕیاریان هەیە.
60 كتێبخانەی هەرێمی كوردستان لە پێشانگەكە بەشدارن كە زیاتر لە 35یان زۆرترین كتێبەكانیان ئاینین. 350 كتێبخانەی 22 وڵاتیش بەشدارن كە زیاتر لە 120 كتێبخانەیان تەنیا كتێبی ئاینییان هەیە.
زیاتر لە یەك ملیۆن ناونیشانی جیاواز لە پێشانگەی نێودەوڵەتی هەولێر بۆ كتێب بەردەستن، پێشانگەكەش لە دوو رۆژی سەرەتا بەپێی ئامارە سەرەتاییەكان، زیاتر لە 40 هەزار سەردانیكاری هەبووە.