كتێبێكی تەمەنی 200 ساڵ لە پێشانگەكەی هەولێر نمایش كرا

:: AM:11:37:19/04/2025 ‌
كتێبێك كە سەرنجی بەشدارانی 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ كتێبی راكێشاوە، ئەو كتێبە تەمەنی 200 ساڵە.

كتێبی كۆن لە دنیادا زۆرن و وڵاتان وەك بەشێك لە مێژوویی رۆشنبیریی خۆیان پاراستوویانە، بەڵام لە كوردستان بەو پێیەی كتێب خۆی نوێیە و چاپخانە مێژوویەكی زۆری نییە، بۆیە هیچ كتێبێكی ئەوتۆ نییە كە لە كوردستان چاپ كرابێت و تەمەنی زیاتر بێت لە سەدەیەك، تەنیا باس لە دەستنووسێكی قورئان دەكرێت لە گوندی گلە زەردەیە و تەمەنی 400 ساڵە.

كتێبێكی ئاینیی ئینجیل كە لە بەریتانیا چاپ كراوە و تەمەنی 200 ساڵە، بووەتە كتێبێكی مێژوویی بەرچاو. زۆرینەی ئەوانەی سەردانی پێشانگەیان كردووە، بەسەرسامییەوە تەماشای دەكەن.

كتێبەكە لە 17یەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی ھەولێر بۆ كتێب نمایش كراوە و ھیچ نرخێكی بۆ فرۆشتن لەسەر دانەنراوە، دەیسەلمێنێت كتێب لە مێژوودا چەند گرنگیی لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە و ئەوەی مرۆڤی بە ئێستە گەیاند، كتێب بووە.

لەبارەی كتێبەكەوە كە تەمەنی 200 ساڵە، ئەیمەن عەبدولقادر بۆ "وشە" گوتی: "ئەمە كۆنترین و بە دەگمەنترین كتێبە لە پێشانگەی نێودەوڵەتی ھەولێر بۆ كتێب، كتێبەكە لە ئینجیل و تەوڕات پێكھاتووە، ڕەنگاوڕەنگە و تەمەنی 200 ساڵە، كتێبەكە هەزار و 300 لاپەڕەیە و لە سێ بەش پێكھاتووە، لە بەریتانیا چاپ كراوە و تا ساڵێك بەر لە ئێستە، لەلایەن بنەماڵەیەكی گەورەی ئەو وڵاتەوە پارێزراوە، دواتر بە دەست ئێمە گەیشتووە و ئێستە لەم پێشانگەیە نمایشمان كردووە، بەڵام بۆ فرۆشتن نا".



وشە - سۆران عەزیز