شارۆ شۆڕش محەمەد ئەو خانمە ئەكتەرەیە كە ماوەی نۆ ساڵە لە بواری فیلمسازیدا كار دەكات. سەرەتا وەك مەیكەپ ئارتس دەستی پێ كردووە، دواتر چووەتە كۆلێژی هونەر بەشی فیلمسازی، خاوەنی سێ كورتە فیلم و فیلمێكی دۆكیومێنتارییە، كۆتا فیلمی فیلمێك بوو وەك دەرهێنەر كاری بۆی كردووە كە ناوی "كلیلەكە"یە، باسی باوكێك دەكات بەهۆی جگەرەكێشانی زۆرەوە، منداڵەكەی نەخۆش دەكەوێت و دەمرێت. جیا لەوانەیش بەشداریی لە چەندان فێستیڤاڵ كردووە.
ئایا چوونە ناو بواری شانۆ و نواندنت، هیچ پێشینەیەكی ماڵباتەكەی ئێوەی پێوە دیارە؟
نەخێر، حەز و خولیای خۆم بووم كە هاتمە ناو ئەو بوارە.
هونەر لای تۆ عەشقە یان بۆ دەركەوتنە؟
هونەر لای من عەشقە.
بۆچی هونەرمەندانی ڕەگەزی پیاو لەچاو ئێوەی هونەرمەندانی ئافرەت زیاتر پێوەندییان لەگەڵ یەكتر هەیە؟
لای من وا نییە، هەم پیاوان و هەم ئافرەتان، پێوەندییەكی تۆكمەیان لەناو بوارەكەدا هەیە، بەڵام تەنیا ئەوەیە دەرهێنەری ئافرەتمان كەمە.
ئەو ئاستەنگانە چین كە دێنە سەر ڕێگەت وەك ئافرەتێكی هونەرمەند؟
تا ئێستە هیچ ئاستەنگێكی وا نەهاتووەتە بەردەمم، بەردەوام سەپۆرت دەكرێم لەلایەن خێزانەكەم و هاوڕێكانم.
ناخۆشترین شت كە لە كاری هونەری رووبەڕووت بێتەوە چییە؟
كاتێك دەمەوێت كارێكی تازە بكەم، زۆر درەنگ رێپێدانمان بۆ دێتەوە بۆ كارەكە كە زیاتر لەلایەن دەزگا تەناهییەكانەوە رووبەڕووی ئەو كێشەیە دەبینمەوە.
هونەركردن بۆ هونەرمەندێكی سینگڵ قورس نییە؟
خۆم سینگڵم و هیچ ئاستەنگێك نەهاتووەتە بەردەمم، بۆیە ناتوانم بڕیار لەسەر ئەوەیان بدەم، هیچ كارێك قورس نییە ئەگەر متمانەت بەخۆت بێت و دەوروبەر هاوكارت بن، هیچ كاتێك جوانی پێوەر نییە، ئەوە لێهاتوویی و سەركەوتوویی ئەكتەرەكەیە كە كارێك دەكات.
وشە/ ئەحمەد تاریق