ئەسغەر فەرهادی كە یەك لە دەرهێنەرە ناودارەكانی سینەمای ئێرانییە و تا ئێستە دووجار خەڵاتی ئۆسكاری بەدەست هێناوە، بڕیارە نوێترین فیلمی لە پاریس و هەر بە زمانی فڕەنسی لە پایزی داهاتوو وێنە بگرێت.
بەپێی هەواڵەكەی پێگەی "عەرەبیە"، فەرهادی بۆ فیلمە نوێیەكەی كە بەناوی Histoires parallèles یە، چەندان ئەكتەری ناوداری فڕەنسی تێیدا بەشدارن و فیلمەكەیش بە زمانی فڕەنسی دێتە بەرهەم. ئەو فیلمە وەك چیرۆك و سینایۆ بۆ بەرهەمهێنان ئامادەیە و بڕیارە لە وەرزی پاریزی داهاتووی ئەمساڵ 2025، لە پاریس وێنەگرتنی دەست پێ بكات.
لەبارەی ئەو ئەكتەرە ناودارانەی بەشداریی تێدا دەكەن، بەرهەمهێنەری فیلمەكە ئاماژە بە ناوی كاترین دۆنۆڤ و ئیزابیل ئۆبیر و فێرجینی ئێڤیرا، ڤنسان كاسیل و بیار نینی دەكات. هاوكات فیلمەكە لە پاڵەوانێتیی تاهیر رەحیم و بیرینیس بیجۆیە. چاوەڕێ دەكرێ ئەم فیلمەی فەرهادی لەسەر ئاستی دنیادا زۆرترین خەڵات وەربگرێت.
لە هەواڵەكەدا تەنیا ئەوە ئاشكرا كراوە كە وێنەگرتنی فیلمە نوێیەكەی فەرهادی، لە پایزی داهاتوو لە پاریس دەست پێ دەكات، وردەكاری و زانیاریی لەبارەی چیرۆكی فیلمەكە نەخراوەتەڕوو.
ئەسغەر فەرهادی ناودارترین دەرهێنەری سینەمای ئێرانە كە بەرهەمەكانی لە دەرەوەی وڵاتەكەی پێشان دەدات، هاوكات بە ئەستێرەی فێستیڤاڵەكانی "كان" و "ئۆسكار" ناو دەبرێت.