خاوەنی سەنتەرێكی تۆماركردنی دەنگ و بڵاوكردنەوەی گۆرانی، نهێنیی ئەوەی ئاشكرا كرد كە هونەرمەند فەرهاد زیرەك جیاواز لەو گۆرانییانەی كە بڵاو كراونەتەوە، دەیان گۆرانیی تری هەیە كە هیچ كەسێك گوێی لێ نەبووە.
هونەرمەند فەرهاد زیرەك كە بە بولبولی كوردستان ناسراوە، تایبەتمەندییەكی خۆی هەیە و خاوەنی ژمارەیەكی زۆر لە هەوادارە، ئێستە بەهۆی ئەوەی هیچ بەرهەمێكی نوێی نییە، گۆرانیبێژانی تر گۆرانییەكانی ئەو دەڵێنەوە.
فەرهەنگ عەبدولقادر خاوەن سەنتەری رێبوار بۆ بڵاوكردنەوەی بەرهەمی هونەری، بە "وشە"ی گوت، كۆتا بەرهەمی هونەرمەند فەرهاد زیرەك ساڵی 2018 بڵاو كرایەوە، دوای ئەو كاتەوە هیچ بەرهەمێكی فەرمی نییە.
زیاتر گوتی، ئەو خاوەنی 50 بەرهەمی هونەری تایبەت بەخۆیەتی كە لای خەڵك ناسراون، جگە لەوەیش بە دەیان بەرهەمی بڵاونەكراوەی هەیە كە تەنیا خۆی دەزانێت و لای ئەوانە هەیە دانیشتنیان بۆ كردووە بەو مەرجەی بڵاو نەكرێتەوە.
ئەو نموونەی بەوە هێنایەوە كە دەیان كەس لە رابردوودا بۆ تۆماركردنی دانیشتنەكەیان سەردانی سەنتەرەكەیان كردووە، بەڵام مەرجیان ئەوە بووە بڵاو نەبێتەوە، چونكە هونەرمەند فەرهاد زیرەك گۆرانی نوێی لەو دانیشتنەدا گوتووە.
ناوی تەواوی فەرهاد عەلی تەهایە و بە "فەرهاد زیرەك" ناسراوە، ساڵی 1961 لە هەولێری پایتەختی كوردستان لە دایك بووە و هەر لەوێ گەورە بووە.
ئەو بە ڕوونی رای دەگەیەنێت، كاریگەریی هونەرمەندی گەورە حەسەن زیرەكی لەسەرە و ساڵی 1977 دەستی بە گۆرانی كردووە و ئێستە خاوەنی كەسایەتییەكی باڵایە لە هەولێر.
هەندێك تایبەتمەندیی لەو هونەرمەندەدا هەن زۆر جیاوازن، ئاشنایانی دەڵێن لە سەردەمی هەرزەكارییەوە كەوتووەتە عەشقی كچێكی هەولێری، بەڵام پێی نەگەیشتووە.
وشە/ ئەحمەد تاریق