كامگاران لە هەولێر كۆنسێرتێكی گۆرانی و موزیك رێكدەخەن

:: AM:09:00:07/05/2025 ‌
گرووپی كامگاران لە هەولێر كۆنسێرتێكی گۆرانی و موزیك رێكدەخەن و دڵی عاشقانی گۆرانیی رەسەنی كوردی خۆش دەكەن.

بڕیارە لەم مانگەدا گرووپی كامگاران كە بە یەكێك لە گرووپە كوردییە دیارەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان هەژمار دەكرێن، لە تارانەوە بێنە هەولێر و كۆنسێرتێك ساز بكەن.

كامگاران كۆمەڵێك هونەرمەندی دیارن كە زۆرینەیان یەك بنەماڵەن، نەوەكانی حەسەن كامگارن كە لە سەرەتاوە لە سنەوە دەستیان پێ كردووە و ئێستە لە وڵاتانی دنیا وەك دیارترین گرووپی هونەری كوردی دەناسرێنەوە.

وائیل ئەحمەد رێكخەری ئاهەنگەكە، بە "وشە"ی راگەیاند، بانگهێشتی گرووپی موزیكی كامگارانیان كردووە بۆ پێشكێشكردنی كۆنسێرتێك لە هەولێر و چەند بەرهەمێكی پێشكەش دەكەن.

 ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كۆنسێرتەكە شەوی 23ـی ئایاری 2025 لە هەولێر بەڕێوە دەچێت و هەوادارانی ئەو گرووپە موزیكییە دەتوانن تێیدا ئامادە بن.

كامگاران كاری زۆریان لەسەر هونەری رەسەن و فۆلكۆری كوردیی كردووە، زۆرینەی گۆرانییە دیارەكانی مێژووی كوردیان بە موزیكێكی نوێوە گوتووەتەوە، كامگاران بە هونەری رەسەن مرۆڤی كوردیان پێوەستی رابردووی نەتەوەكەیان كردووە.
 
كامگاران، گرووپێكی موزیكیی ماڵباتییە و لە 1965 بە سەرپەرشتی حەسەن كامگار و بە ئەندامێتیی حەوت خوشك و برا لە سنەی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراوە، جگە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، باشووری كوردستان و ئێران، كۆنسێرتیان لە چەندان وڵاتی دنیا پێشكەش كردووە، لە 2003 لە رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە شیرین عەبادی بەشدار بوون و موزیك و گۆرانییان پێشكەش كرد.
 



وشە - سۆران عەزیز