محەمەد عەلی قەرەداغی: یەكەم دەستنووسی قورئان لە كوردستان نووسراوەتەوە

:: AM:11:20:04/06/2025 ‌
120 دەستنووسی قورئان كە بەدەستی زانایانی كورد نووسراونەتەوە، دەستنووسەكانیش لەلایەن مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی كۆ كراونەتەوە و پارێزراون، وەك كتێبێك لە ژێر ناوی "مێژووی قورئانی پیرۆز لە كوردستان" بڵاو كرایەوە

لە سلێمانی خوێندنەوە و ناساندن بۆ پەرتووكی "مێژووی قورئانی پیرۆز لە كوردستان" كرا. لە ڕێوڕەسمەكەدا سەرنج خرایە سەر میراتی دەوڵەمەندی ئەو خۆشنووس، زانا و بیرمەندە كوردانەی كە ڕۆڵیان لە مێژووی قورئان لە كوردستان و ناوچەكەدا هەبووە.

كتێبەكە چەندان دەستنووسی جیاوازی تێدایە، مامۆستا محەمەد قەرەداغی بۆ كۆكردنەوەیان، بە هەموو ناوچەكانی كوردستاندا گەڕاوە، لێكۆڵینەوەی لەسەر كردوون.

مامۆستا محەمەد عەلی قەرەداغی ڕای گەیاند: "قورئانی پیرۆز لە كوردستان زۆر كۆنە، مێژووی لەگەڵ مێژووی ئیسلامدایە. دەیان و سەتان خۆشنووسمان هەبووە قورئانی پیرۆزیان نووسیوەتەوە، بەڵام بەداخەوە زۆریی نوسخەكان فەوتاون، كەمێكیان ماون. بەندەش خودا یارمەتیی داوم چوومەتە سەر ئەم پڕۆژەیە، تا ئێستە ئەم كارەم ئەنجام داوە، بەرگی یەكەمم ئامادە كردووە، پشتیوان بە خودا هەوڵ دەدەم بەرگی دووەمی كاری بۆ بكەم.

مامۆستا محەمەد باسی لەوە كرد، سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە دەستنووسەكانی قورئان، زۆر دەستنووسی كۆنی قورئانی بینیوە، وەك خۆیشی باسی دەكات زیاتر لە 15 ساڵە سەرقاڵی كاركردنە لەسەریان.

لەبارەی بەرهەمەكانی لە بواری دەستنووسەكانی قورئان مامۆستا محەمەد ڕای گەیاند: "كتێبی بووژانەوەی مێژووی زانایانم هەیە لە ڕێگەی دەستنووسەكانیانەوە كە كتێبێكە دەیان و سەتان دەستنووسی مامۆستایان و زانایانی كوردی تێدایە، لەگەڵ كتێبی كنوزول كوردم هەیە، ئەویش دووبارە كۆمەڵێكی زۆر دەستنووسی تێدایە، كەشكۆڵی كەلەپوورم هەیە، ئەویش هەر كۆمەڵێك زۆر دەستنووسی تێدایە. ئەمانەم هەموو ئامادە كردوون، ئەمەش پەرتووكی "مێژووی قورئانی پیرۆز لە كوردستان" دوا كارە بۆ قورئانم كردووە كە تێیدا تا ئێستە لەم بەرگەدا 120 دەستنووسی قورئانم باس كردووە.

گوتیشی: دەتوانم بڵێم یەكەم دەستنووس كە لە كوردستان نووسراوەتەوە، قورئانی پیرۆز بووە. لەو كاتەوە تا ئێستە بە سەتان و هەزاران دەستنووسی قورئان نووسراونەتەوە. سەدان كەس كاریان لەو بوارە پیرۆزەدا كردووە، قورئان كتێبی خوێندن بووە، وانەی تێدا گوتراوەتەوە و خوێنراوە.

محەمەد عەلی محەمەد ساڵح كاكە شیخی قەرەداغییە ،لە ساڵی 1949 لە دێی تەكیەی قەرەداغ لە خانەوادەیەكی ناسراو خواناس هاتۆتە دنیاوە.

ماوەیەك لە ولیان لە ماڵی كاك عەلی ناسر بووە و لای مامۆستا شێخ مستەفا دەرسی دەخوێند. ساڵی 1959 چووەتە  سلێمانی لە مزگەوتی شێخ وسو دەستی بە خوێندن كردووە.

ساڵی 1967-1968 چووەتە بەغدا و لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسدا دامەزراوە.

هەر لە ساڵی 1968 دا ئیجازەی لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولكەریمدا وەرگرتووە، هەر لەو ساڵەشدا بووە بە پێشنوێژی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی، هەر لەوێشەوە پۆلی هەشتەمی پەیمانگەی ئیسلامی لە (باب الشێخ) تەواوكرد و چوو بۆ كۆلێجی ئیمام ئەعزەم، پێنج ساڵ لەو كۆلێجەدا بووە تا تەواوی كرد.

دوای نسكۆی شۆڕش و گەڕانەوەی بۆ بەغدا ، هەر لە ساڵی 1975-1976 دا كۆلیجی ئیمامی ئەعزەمی لە بەغدا تەواوكرد، بەڵام ساڵی 1976 لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە گیراوە تا 19-05-1977 لە زینداندا بووە دواتر ئازاد كراوە.

لە چەندان لاوە لەدەرەوە و ناوەوەی عێراق ڕێزی لێنراوە و خەڵات كراوە،  لەلایەن یونسكۆ و ئیسیسكۆوە خەڵاتی باشترین زانا لە بواری مێژووی زانایاندا لەسەر ئاستی دنیا بۆ ساڵی 2018 ی پێ بەخشراوە، خەڵاتی فارابی بۆ گەورەزانایانی دنیا لە تاران لە ساڵی 2018 پێبەخشراوە، خەڵاتی ناودارانی كوردی لە شاری سنە پێبەخشراوە.

لە ساڵی 1972 وە دەستی بە نووسین لە بوارەكانی ئایین و مێژوو و كەلەپووردا كردووە. زیاد لە 70 ناونیشانی پەڕتووكی بڵاوكردووەتەوە كە هەیانە دە بەرگ زیاترە، زۆریەیان زیاتر لە جارێك چاپكراونەتەوە، تیاندایە حەوتجار چاپكراوەتەوە، زیاد لە 650 گوتاری بە عەرەبی و كوردی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بڵاو كردووەتەوە.








وشە - سۆران عەزیز