بە ناونیشانی "پردی ئاسۆی نێوان هەرێمی كوردستان و فڕەنسا و ئیتاڵیا"، هونەرمەند ئاریان لەتیف بە هاوبەشی لەگەڵ هەردوو شێوەكاری وڵاتانی فڕەنسا و ئیتاڵیا پاولا ڤینسیگێرا و پینۆ ماجۆلیكا، پێشانگەیەكی تایبەت لە رۆمای ئیتاڵیا كرایەوە.
پێشانگەكە لە شاری ڕۆما لە ئیتاڵیا كراوەتەوە بە سپۆنسەری فەرمیی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئیتاڵیا، پێشانگەكە تا 20 ی مانگ بەردەوام دەبێت.
ئاریان لەتیف ئەحمەد لە ساڵی 1994 لە شاری سلێمانی لە دایك بووە و دانیشتووی سلێمانییە، دەرچووی بەشی تیشك لە پەیمانگەی تەكنیكی سلێمانییە و سەرەتای كاری هونەریی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014.
ئەم شێوەكارە لە 23 پێشانگەی هاوبەش و 12 پێشانگەی نێودەوڵەتی لە وڵاتانی توركیا، یۆنان، كۆریای باشوور، لبنان، ئیتاڵیا، ئیسپانیا و فڕەنسا بەشداریی كردووە.