دوای 29 ساڵ گۆڕی ئایشەشان دەگەڕێنرێتەوە ئامەد، لە رێوڕەسمێكی گەورەدا لە زێدی خۆی بەخاك دەسپێردرێت.
گەورەشارەوانیی ئامەدی باكوری كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ چوارشەم 18ی حوزەیرانی 2025، گۆڕی ئایشەشان هونەرمەندی باكوری كوردستان، دەگوازرێتەوە ئامەد و لە گۆڕستانی یەنیكۆی لە ناوچەی رەزا بە خاك دەسپێردرێت.
ئایشەشان كە یەكێكە لە هونەرمەندە دیارەكانی كورد، لە كاتێكدا دەستی بەگۆرانیگوتن كرد، لە كۆمەڵگەی ئەوكاتی كورد و توركیش گۆرانیگوتن بۆ ژن ئەستەم بوو.
ئایشەشان حەزی لەو شیعر و وشە كوردییانە بوو كە كاریگەرییان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی هەبوو، ژیانی ئەوكاتی كۆمەڵگە، هەستەكانی ئایشەشانیان بریندار دەكرد، بۆیە نەیدەتوانی لە بەرانبەر ئەو هەموو ئێش و ئازارەی گەلەكەیدا بێدەنگ بێت، ئایشە ناوی خۆی بە ورە و هەندێك پرەنسیبی ئەخلاقییەوە لە كوردستاندا بڵاو كردەوە، ئایشەشان گرێدراوی ئامانجەكانی بوو و هیچ كات لە بەرانبەر سیستمی ستەمكاری كەمالیستەكان و نەریتی پیاوسالاری كۆمەڵگەی كوردی سەری دانەنەواند.
ئایشەشان لە مێژووی كولتوور و هونەری كوردیدا، هونەرمەندێكی بەناوبانگە كە دژی سیاسەتی تواندنەوەی دەسەڵاتداری توركیا لە باكوری كوردستان، وەك ژن بەرخۆدانی كرد.
ئایشەشان كە لە كۆمەڵگەی كوردیدا بە ئایشانی كورد، ئایشەشان، ئایشە خان، ئایشانی عوسمان و ئایشانی عەلی ناسراوە، لە ساڵی 1938دا لە شاری ئامەد لە دایك بووە.
كاتێك گۆرانیبێژە كوردەكان لە ماڵی باوكی ئایشە كۆ دەبوونەوە، ئایشە بە دەرفەتی دەزانی و لەگەڵ خوشك و براكانی لە پشت دەرگای دیوەخانەوە گوێی بۆ دەنگیان دەگرت و وانەی زۆر بەنرخی لەو گۆرانییانە وەردەگرت، ئەوین و عەشقی ئایشە بۆ گۆرانی وەك گوڵێكی پشكوتوو بوو.
ئایشەشان لە ساڵی 1958دا بە یارمەتی نائیل بایشوو لە ڕادیۆ عەنتابدا، بە زمانی توركی كاری كرد و گۆرانیی گوت، بەڵام لەبەرئەوەی ئارەزووی ئەو بۆ گۆرانیی كوردی بێ كۆتا بوو، لە ڕادیۆ عەنتاب دەركرا، پاشان ئایشەشان چوو بۆ ئیستانبوڵ و بۆ یەكەم جار بە زمانی كوردی گۆرانیی تۆمار كرد، ئەو گۆرانییانە بۆ ئەو ژیانەوە و لەدایكبوونێكی نوێ بوون، گۆرانییە كوردییەكانی زۆر بە خێرایی سنوورەكانی باكوری كوردستانیان تێپەڕ كرد و لە سەرانسەری كوردستان بڵاو بوونەوە.
مەم و زین، لێ لێ بێماڵ، زەری حەیران، جەمیلە، بێریڤانێ، كۆچەرێ، لاوكی مەتینی، جەمبەلیا كوری میری هەكاری، مەیرۆ، حەسەنۆكە، قەدەری یار، غەریبم دایە، وەرن وەرن پێشمەرگە، نەورۆز و وڵاتی من دیاربەكر، بەناوبانگترین گۆرانییەكانی ئایشەشانن.
ئایشەشان وەسیەتی كردبوو كە لە ئامەد و لەلای گۆڕی دایكی بە خاك بسپێردرێت، بەڵام كوڕەكەی لەبەر هەژاری نەیتوانی وەسیەتی دایكی بەجێبێنێت و ئایشەشان لە گۆڕستانی شاری ئیزمیر بەخاك سپێردرا.