لازۆ ئازاد خانمە شاعیری كورد كتێبێكی نوێی بەناوی "رێگەیەكی دیكە" بڵاو كردەوە، كتێبە لە بواری خزمەتگوزاری و كولتووری و مافەكانیان، دەستگیرۆیی خانمان و كوردانی تاراوگە دەكات.
لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" لازۆ ئازاد گوتی، "رێگەیەكی دیكە" ناسینەوەی پێوەندیی تەندروستی خێزانییە، لەڕێگەی كتێبەكەوە خانمانی كورد لە تاراوگە و بە دیاریكراوی لە بەریتانیا، دەتوانن ئاشنابن بە مافەكانی خۆیان، ئەو مافانەی كە لە كوردستان بۆیان بەردەست نەهاتبێت.
راشی گەیاند، كتێبی "رێگەیەكی دیكە" هاوكاریی خانمانی پەنابەری كورد دەكات تا مافەكانی خۆیان و خزمەتگوزارییەكانی بەریتانیا بناسن، ئەگەر رووبەڕووی ژیانێكی ناتەندروستی خێزانیی ببنەوە.
شەمووی رابردوو 14ـی حوزەیران، كۆمەڵەی كولتووریی كوردی لە شاری بێرمینگهام لە بەریتانیا، دامەزراندنی خۆی راگەیاند و لە رێوڕەسمێكدا وەك یەكەمین چالاكیی كۆمەڵەكە، كتێبی "رێگەیەكی دیكە" بڵاو كرایەوە.
لازۆ ئازاد بەڕێوەبەری كارگێڕیی كۆمەڵەی كولتووریی كوردی لەوبارەیەوە گوتی، ئامانجی كۆمەڵەكەمان خزمەتكردنە بە كولتووری كوردی و گرنگیدانە بە چالاكیی هونەری و فەرهەنگی، سازدانی دیداری ئەدەبی و هونەری و رەخساندنی دەرفەت بۆ نووسەر و هونەرمەندان كە خزمەت بە بواری فەرهەنگی دەكەن.
لازۆ ئازاد نووسەر و شاعیرێكی كوردە و لە ساڵی 1985 لە سلێمانی لە دایك بووە، لە تەمەنی 15 ساڵیدا كوردستانی جێهێشتووە. لە ساڵی 2002 و لە تەمەنی 17 ساڵیدا دەستی كردووە بە بڵاوكردنەوەی شیعرەكانی، بۆ یەكەم جار لە ساڵی 2008 یەكەم كتێبی بە هاوبەشی بڵاو كردووەتەوە، دواتر لە 2013 یەكەم كتێبی خۆی چاپ كردووە. لازۆ سێ كتێبی شیعری بڵاو كردووەتەوە و ئێستە لە بەریتانیا نیشتەجێیە.