هونەری كورد گەیشتە ژاپۆن

:: AM:08:50:19/06/2025 ‌
لە تۆكیۆی پایتەختی ژاپۆن، پێشانگەیەكی هونەری بە بەشداریی 250 هونەرمەندی دنیا كرایەوە، لەناویشیاندا چەند هونەرمەندێكی كورد بەشدارن.

دوو ساڵ جارێك پێشانگەی "جالا" بۆ هونەرمەندانی دنیا دەكرێتەوە، پێشانگەكە شێوەكارییە و لە زۆرینەی وڵاتانی دنیاوە هونەرمەندان بەشداریی دەكەن.

لە خولی ئەمساڵیدا لە مۆزەخانەی "تۆكیۆی میترۆپۆلیتەن ئاڕت" بەرهەمی حەوت هونەرمەندی كورد لەگەڵ هونەرمەندە دیارەكانی دنیادا خراونەتەڕوو. 
 
سمكۆ ئەحمەد كە بەشداریی پێشانگەكەی كردووە و بۆ "وشە" گوتی، لە پێشانگەكەدا نزیكەی 250 هونەرمەند لە 25 وڵاتەوە بەشدارن، ئێمە بەرهەمی خۆمان وەك هونەرمەندانی كورد كە ژمارەمان حەوت هونەرمەندە لە هەر چوار پارچەكەی كوردستانەوە نمایش كردووە، هەریەكەمان بە چوار كاری هونەری بەشدارین. 
 
بەرهەمی شێوەكاران لوقمان ئەحمەد، ئیلیاس كركان، سۆنیا ئەحمەد، ئیسماعیل خەیات و لاورانس كاماس خراونەتەڕوو، هاوكات روشدی ئەنوەر بە بەرهەمی ڤیدیۆیی بەشدارە، پێشانگەكە 10 رۆژ بەردەوام دەبێت. 
 
سمكۆ ئەحمەد كە لە ساڵی 1994وە دانیشتووی ژاپۆنە و دەڵێت: لە 1994ـەوە وەك ئەندامی دەستەی باڵای "جالا بێناڵێ" بۆ بەشی كوردستان، دەرفەتم بۆ سەتان هونەرمەندی كورد لە چوار پارچەی كوردستان رەخساندووە و كارەكانیانم گەیاندووەتە تۆكیۆ. 
 



وشە - سۆران عەزیز