عەبدولستار جەباری كتێبی "خانمە ناودارەكانی كەركووك"ی بڵاو كردەوە

:: AM:08:51:23/06/2025 ‌
"خانمە ناودارەكانی كەركووك" كتێبێكە و لەلایەن نووسەر و رۆژنامەنووس عەبدولستار جەباری نووسراوە و بڵاو كراوەتەوە. لەو كتێبەدا 36 ئافرەتی داهێنەر و بەهرەوەر كراونەتە نموونە و وەك نووسەرەكەی دەڵێت، ئەمە بەشێكە و دواتر كار بۆ بەشی دووەمی دەكات.

عەبدولستار جەباری كە جیالەوەی نووسەر و رۆژنامەنووسە، هاوكات خۆشنووسێكی دیاری كەركووكە و بایەخی زۆریش بە مێژووی شارەكە و داهێنەرانی دەدات، ئەو بۆ "وشە" دەڵێت، لە "خانمە ناودارەكانی كەركووك"دا 36 ئافرەتی داهێنەر و بەهرەوەر جێگەیان بووەتەوە، بێگومان خانمە رۆشنبیرەكانی شارەكە و دەڤەرەكە وەك ژمارە تەنیا ئەوەندە نین، بەڵكو زۆر لەوە زیاترن، بۆیە ئەمە بەشێكی كتێبەكەیە و نیازی ئەوەم هەیە لە ئێستە بەدواوە كار بۆ بەشی دووەمی بكەم.

لەبارەی ئەو ئافرەتانەی لە كتێبەكەدا ناویان هاتووە، جەباری گوتی گومان نییە لەوەی كارەكانی ئەوان زۆر لەوە زیاترە كە لە كتێبەكەدا ئاماژەیان پێ كراوە، چونكە لە كتێبەكەدا ئاماژە بە كارە دیار و سەرەكییەكان كراوە، خۆ ئەگەر خوێنەر بیەوێ بەداواچوون بۆ كارەكانیان بكات، ئاسان دەتوانێ بگاتە تەواوی كارەكانیان. تەواوی ئەو ئافرەتانەی لەوێدا باسیان لەسەر كراوە، سەرجەمیان جیا لە بوارە رۆشنبیرییەكەی خۆیان، هاوكات كەسانی نیشتمانپەروەرن و هەمیشە لە خزمەتی دۆزی گەلەكەیاندا بوون.

ئەو كتێبەی جەباری خۆی لە 164 لاپەڕەدا دەبینێتەوە، پێداچوونەوەی لەلایەن وشیار ئەحمەد ئەسوەد بۆ كراوە و فەهد شوانیش دیزاینی بۆ كردووە. بە تیراژی 500 دانە چاپ و بڵاو كراوەتەوە.

ئەو ئافرەتانەی لەو كتێبەدا باس لە كارەكانیان كراوە، بریتین لە ئەحلام مەنسوور- ئاوێزان نووری- ئیڤا سیمبولی ئەنفال- پەری سابیر- تارا خەلیل- چنوور نامیق- چۆپی فەتاح- حەبێ خان- خاڵدار قەواڵی- زێبا خان- زینە عیزەدین جەباری- سارا مەسعوود عەبدوڵا- شلێر رەشید- د. شەونم یەحیا- د. شنۆ ئەحمەد غەفوور- شوكریە كازم- شۆخان نوورەدین- فاتمە كەیفەدین- فەوزیە عیزەدین- گەلاوێژ جەباری- گەشاو بیبانی- كەنار سەفیر- كوردستان محەمەد سەعید- كوردە شێخ سدیق- لەیلا قاسم- لیزا فەلەكەدین كاكەیی- مریەم خان- مەهاباد قەرەداغی- مەهتاب ماجید- د. ناز فەلەكەدین كاكەیی- نەرمین ئەحمەد ئەسوەد- نازەنین نەجیب گەرمیانی- نەجیبە ئەحمەد حەكیم- هەوار فارس-- هەوری تاڵەبانی- هێرۆ كوردە.

عەبدولستار جەباری لە ساڵی ١٩٦٤ لە شاری كەركووك لە دایك بووە، نووسەر و رۆژنامەنووس و خۆشنووسە، بڕوانامەی دیپلۆمی هەیە. تا ئێستە ١٢ كتێبی بڵاو كردووەتەوە، هەروەها پێنج كتێبی هاوبەشی تریشی لەگەڵ نووسەرانی تردا هەیە. یەكەم كتێبیشی لە ساڵی ١٩٨٣ بەناوی "دیداری ناسری ڕەزازی" بڵاو كراوەتەوە.

وشە- وشیار ئەحمەد ئەسوەد



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د