كۆبەرهەمی مەلا جەمیل چاپ و بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:09:17:24/06/2025 ‌
رێكخراوی خاڵ لە درێژەی كارە گرنگەكانیاندا، ئەمجارە كۆبەرهەمی مەلا جەمیلی رۆژبەیانی چاپ و بڵاو دەكاتەوە، پێشتریش كۆبەرهەمی مەسعوود مەحەمەد و هەژاری موكریانیان چاپ و بڵاو كردەوە.

تۆفیق كەریم سەرۆكی رێكخراوی خاڵ، بە "وشە"ی  گوت: زیاتر لە دوو ساڵ كاری سەخت و ماندووبوون و شەونخوونیمان بۆ ئامادەكردنی بەرهەمەكانی مەلا جەمیلی كردووە و لەناو دێڕ و خەتەكانی ئەو پیاوەدا هاتووین و چووین، لە ئەنجامدا توانرا كارەكانی رۆژبەیانی ئامادەی چاپ بكرێت.

 سەرۆكی رێكخراوی خاڵ دەڵێت: هەموو ئەوەی ئێمە كردوومانە تەنیا نووسینە كوردییەكانی مەلا جەمیلە، چونكە ئەو نووسینی بە عەرەبی و فارسی و توركیش هەیە.

ئەم كارەی رێكخراوی خاڵ، هەوڵێكە بۆ كۆكردنەوەی نووسینی ئەو نووسەرە دیارانەی كورد كە لە رابردوودا بەهۆی هەلومەرجی ژیانیانەوە، نەیانتوانیوە نووسینەكانیان بەكتێب چاپ بكرێت، هەموو ئەو نووسینانەی مەلا جەمیلیش بەشێوەی گوتار لە گۆڤار و رۆژنامەكانی كاتی خۆیدا بڵاو كراونەتەوە و رێكخراوەكە كۆی كردوونەتەوە." مۆفەق میراودەلی 14 ساڵ خەریكی كۆكردنەوەی ئەو ئەرشیڤە بووە و ئێستە لەگەڵ رێكخراوی خاڵدا ئامادەی چاپیان كردووە".
 
مەلا جەمیل كە ماوەیەك لە ئێران بووە، لەوێ لە رادیۆی تاران بەرنامەی هەبووە كە زیاترە لە 100 ئەڵقە و هەموو لەم كۆبەرهەمەدا كۆ كراونەتەوە و خوێنەری كورد یەكەمجارە بەشێوەی نووسین دەیانبینێت.
 
جەمیل كوڕی مەلا ئەحمەد رۆژبەیانییە، ساڵی 1913 لە گوندی فەرقان لە ناوچەی قەرەحەسەنی سەربە شاری كەركووك لە دایك بووە. لای باوكی خوێندوویەتی كە یەكێك بووە لە زانایانی كەركووك و پیاوە ئاینییەكانی ئەو سەردەمە. لە خوێندنی ئاینیدا ئیجازەی مەلایەتی لای زانای ناسراوی كەركووك (مەلا رەزای واعیز) وەرگرتووە. 
 
زۆر بەباشی شارەزای زمانەكانی فارسی، توركی و عەرەبی بووە. ساڵی 1922 مەلا ئەحمەدی باوكی لەسەر داوای شێخ مەحموودی حەفید، دەچێتە سلێمانی و لە مزگەوتی گەورەدا وانەی ئاینیی دەڵێتەوە. مەلا جەمیلیش بۆ یەكەمجار لە سلێمانی بوو كە چاوی بە رۆژنامەی كوردی كەوتووە. مەلا جەمیل ساڵی 1948 لە راپەڕینە فراوانەكەی عێراق كە دواتر بە "وەسبە" ناوی دەركرد، بەشداریی كرد و بەهۆیەوە خرایە بەندیخانە.
 
مەلا جەمیل لەگەڵ سەركردە و گەورەپیاوانی كورد پێوەندیی پتەوی هەبووە، لەوانە بارزانی، شێخ مەحموودی حەفید، ئیحسان نووری پاشا و ئەوانی تریش، هەڵوێستی دژی عەبدولكەریم قاسم و توركیا و سۆڤییەت وەرگرتووە، هەڵوێستی بەرانبەر خومەینی نواندووە، دواجار مەلا جەمیل رۆژبەیانی دوا ساڵەكانی تەمەنی لە بەغدا دەژیا. شەوی 26ی 3ی 2001 لە ماڵەكەی خۆیدا لە بەغدا تیرۆر كرا.
 



وشە - سۆران عەزیز