گوژمەیەك بۆ كاری ڕووپێوی شوێنەواری بۆ 20 گوندی شارەدێی ڕزگاری خەرج دەكرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەپێی فەرمانێكی وەزاری، ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجكردنی گوژمەیەكی پێویست بۆ كاری ڕووپێوی شوێنەواری لە سنووری گەرمیان.
ئەمڕۆ سێشەم 24ـی حوزەیران، بەپێی فەرمانە وەزارییەكە، گوژمەی پڕۆژەكە لەسەر داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و كەلەپووری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، بەمەبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی كاری ڕووپێوی شوێنەواری بۆ سنووری 20 گوندی شارەدێی ڕزگاری، بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەكانی تایبەت بە داهات خەرج دەكرێت.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زیاتری شوێنەوارەكان، بایەخێكی زۆری بە پڕۆژەكانی شوێنەواری داوە لە بواری كاری كنە و پشكنین و گرێبەست لەگەڵ زانكۆ بیانی و ناوخۆییەكان، دۆزینەوە و نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
ئەوە لە كاتێكدایە ئەو سنوورە چەندان شوێنی شوێنەواریی گرنگی تێدایە كە سامانێكی گرنگی نەتەوەیین.