بەشی شەشەمی كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد" كە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە نووسراوە، بە زمانی عەرەبی چاپ كرا و بڵاو كرایەوە.
بەشی شەشەمی كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد" دوو بەرگە و زیاتر لە هەزار لاپەڕەیە، پتر لە 300 نامەی لەخۆ گرتووە كە لە نێوان سەرۆك بارزانی و سەركردە عێراقییەكان لە ماوەی نێوان ساڵانی 2003 – 2016 ئاڵوگۆڕ كراوە.
ئەم بەشەی كتێبەكەی سەرۆك بارزانی تایبەت و جێی بایەخە، چونكە سەرنجی خستووەتە سەر زۆربەی ڕووداو و پێشهاتە هەنووكەییەكانی تایبەت بە عێراق و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی.
ئەم كتێبە كە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەرچوو، چەند ژمارەیەكی دیاریكراوە و تەنیا بە سەر چەند شوێن و دامەزراوەیەك دابەش دەكرێت.
بەشی شەشەمی كتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد" تەنیا بەسەر زانكۆ، ناوەندەكانی توێژینەوە، كتێبخانە گشتییەكان، دار ئەلمەدا و دەزگاكانی ڕاگەیاندن دابەش دەكرێت، دواتریش چاپ دەكرێتەوە و بازنەی دابەشكردنی فرەوانتر دەبێت و دەگەیەنرێتە خانەكانی بڵاوكردنەوە و كتێبخانەكانی بەغدا و شارەكانی تر.
سەرۆك بارزانی لە پێشەكیی كتێبەكەدا سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشاوە، ماوەی نێوان ساڵانی 2003 – 2016، وەرچەرخانی مێژوویی لە عێراق و كوردستان ڕووی دا كە تێیدا ویست و خۆڕاگریی گەلی بە چڕی تاقی كرایەوە، هاوكات دەرفەتێكی زێڕینیش ڕەخسا بۆ ئەوەی كورد ڕێڕەوێكی نوێ بەرەو ئایندەیەكی زۆر سەقامگیرتر بگرێتەبەر و پێكبهێنێت.
سەرۆك بارزانی هەروەها تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی، هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2003 ڕۆڵێكی گەورە و یەكلاكەرەوەی لە ڕووخانی ڕێژیمی بەعس بینی، پاشان هەمان ڕۆڵی گرنگی لە بنیاتنانەوەی عێراق و دانانی دەستوور و پێكهێنانی حكوومەت و كابینەكانی حكوومەتی فیدراڵی گێڕا.
سەرۆك بارزانی بە خوێنەری عەرەب دەڵێت، تەنیا وەك گێڕانەوەیەكی مێژوویی ئەم قۆناغە نەخوێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ نەكات، بەڵكو دەخوازێت ببێتە پردێك بۆ هاریكاریی نێوان عەرەب و كورد، نەخاسمە كە ئەزموون سەلماندوویەتی چارەنووسی هاوبەش پێویستی بنیاتنانی گفتوگۆ و ڕێزگرتنی دوولایەنە.