بەختیار ئەمین سیاسەتمەدار و کەسایەتیی دیاری کورد، لە نووسینێکی تێروتەسەلدا داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دامەزراوە فەرهەنگییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆ ڕێزلێنان لە کار و هەڵوێستەکانی فۆتۆگرافەری ناوداری جیهان "ڕەزا دیقەتی"، لە ڕێگەی کردنەوەی پێشانگایەکی شایستە و ناساندنی زیاتری بە نەوەی نوێ.
ئەمین، کە ڕەزا دیقەتی وەک "هاوڕێ" و "مرۆڤێکی کورد دۆست" وەسف دەکات، دووپات لەوە دەکاتەوە کە "دیقەتی" هەمیشە هاوسۆزی گەلانی ستەمدیدە بووە و بە تایبەتیش دۆزی کوردی کردووەتە بەشێک لە کارە هونەری و مرۆییەکانی.
بەڵگەکردنی تاوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
لە بەشێکی نووسینەکەیدا، ئەمین باس لە ڕۆڵی مێژوویی ڕەزا دیقەتی دەکات لە بەڵگەکردنی تاوانەکان دژی کورد لە ساڵانی هەشتا و نەوەدەکانی سەتەی ڕابردوودا و دەڵێت، نەهامەتییەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتەوە کرد بە بەڵگە... لەو سەردەمەدا ڕەزا بە دزییەوە وێنەی ڕەشەکوژی و تیربارانکردنی لاوانی کوردی دەگرت و بۆ ئاژانسە جیهانییەکانی دەنارد، بێ ئەوەی کەس بزانێت فۆتۆگرافەرەکە کێیە. هەروەها ئاماژەی بەو کتێبە فۆتۆگرافییە کردووە کە بە هاوکاریی یەکتر و بە پێشەکییەک لەلایەن خانمی میتەرانەوە لەسەر ئەو تاوانانە بڵاویان کردووەتەوە.
لە خزمەتی ئاوارەکانی شەنگالدا
هەروەها، بەختیار ئەمین ئاوڕ لە پڕۆژە مرۆییەکانی ڕەزا دیقەتی دەداتەوە دوای هێرشەکانی داعش و جینۆسایدی کوردانی ئێزدی. ئەو دەگێڕێتەوە کە چۆن "دیقەتی" پڕۆژەیەکی ناوازەی ئەنجامداوە، کامێرای برد بۆ کەمپی ئاوارەکان و منداڵانی ئێزیدی فێری وێنەگرتن کرد، تا خۆیان ببنە گێڕەرەوەی چیرۆکی نەهامەتییەکانیان و ژیانی خۆیان بکەنە بەڵگەی فۆتۆگرافی.
داوایەک بۆ دامەزراوە فەرهەنگییەکان
لە کۆتایی نووسینەکەیدا بەختیار ئەمین داواکارییەکەی دووپات دەکاتەوە و دەڵێت، هیوادارین وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا فەرهەنگییەکان، کورد بە کارەکانی ڕەزا ئاشنا بکەن و پێشانگای بۆ بکەنەوە. هەروەها خەمێکی نیشتمانیی قووڵتر دەخاتەڕوو و دەنووسێت، خۆزیا کوردیش وەک گەلانی تر شوێنێکی هێمایی هەبووایە، بۆ ئەوەی ڕێز لە ناودار و گەورەپیاوانی خۆی بگرێت و یادەوەرییان بۆ نەوەکانی داهاتوو بپارێزێت.