ئیبراهیم تاتلیساس لە دوای نەخۆشكەوتنی، بەردەوام باسی لە سامانەكەی كردووە و لە نوێترین قسەشیدا دەڵێت: هەموو كەسە نزیكەكانم بەهۆی سامانەكەمەوە دەیانەوێـت زوو بمرم.
ماڵپەڕی "گەزێت" گفتوگۆیەكی كورتی لەگەڵ تاتلیساس كردووە و باسی سامانەكەی دەكات و دەڵێت، بووەتە بەڵا لە ژیانمدا، هەموو كەسەكانم چاویان لەسەریەتی.
لەبارەی بەجێهێشتنی میراتی بۆ منداڵەكان و نەوەكانی بەگلەییەوە گوتی، "بەهۆی سەروەت و سامانەكەمەوە، هەموویان دەیانەوێت زوو بمرم، لە كاتێكدا حەزم لێ نییە یەك لیرە بدەمە كەسیان".
ئەو هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش كرد كە منداڵەكانی پێیان راگەیاندووە، پارە بەكەسمان مەدە و چۆنت پێ خۆشە وا مامەڵە لەگەڵ سەروەتەكەت بكە، "بەڵام ئەوان راست ناكەن، چونكە لە ژیانی رۆژانەیاندا دیارە چاویان لەسەر سامانەكەمە".
جێگەی ئاماژەپێدانە، ئیبراهیم تاتلیساس لە زۆربەی شارەكانی توركیا خاوەنی چەندین شوقە، خانوو، ڤێلا و كۆمپانیایە، هەروەها چەند كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێی هەیە، بەناوبانگترینیان كۆمەڵگەی بەهەشتی تاتلیساس كە (48) شوقەی تێدایە و خاوەنی دەیان چێشتخانەیەك و چەند كۆمپانیایەكی ئۆتۆمبێلی گرانبەها و كەشتییە.
ئەم گۆرانیبێژە بە وەرگرتن و گۆڕینی گۆرانی كوردی بۆ توركی دەستی پێ كرد، بەمەش زیانێكی زۆری بەگۆرانی و میلۆدیی كوردی گەیاند، بەهۆی ئەو سامانە گرنگەی كوردەوە لە توركیا دەوڵەمەند بوو.