پەیكەرێكی تری هونەرمەند چێنەر نزار گەیشتە پێنجوێن. ئەو هونەرمەندە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستاندا 48 پەیكەری دروست كردووە و لە ناوەندی شارەكان دانراون.
كەس هێندەی چێنەر لەم ماوەدا پەیكەری دروست نەكردووە و بەهاوكاری د. تەها رەسووڵ، لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی دەڤەری سلێمانی دانراون.
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لەناو سەنتەری شارۆچكەی پێنجوێن، پەردە لەسەر پەیكەری موفتی پێنجوێنی شاعیری ناوداری كورد لابرا.
چێنەر نزار بە"وشە"ی گوت، هەموو ئەو كەرەستانەی لەو پەیكەرەدا بەكار هاتوون، كوالێتییان بەرزە و بەرگەی سەرماكەی پێنجوێن دەگرن.
كارەكانی چێنەر زۆرینەیان بەسپۆنسەری د. تەها رەسووڵ، بەڕێوە دەچن، لە ماوەی رابردووشدا پەیكەرێكی بۆ قانعی شاعیر لە سلێمانی دروست كرد و بەئامادەبوونی بنەماڵەكەی لەناو شاردا دانرا.
موفتی پێنجوێنی ناوی مەلا عەبدوڵا كەریمـە، لە ساڵی (١٨٨١) لە دێی بێستانە لە ناوچەی پێنجوێن لە دایك بووە، لە تەمەنی منداڵیدا چووەتە بەر خوێندنی حوجرە، لە سەرەتادا لای باوكی خوێندوویەتی، ئینجا بەدوای خوێندندا كەوتووەتە گەڕان بەناو شارەكانی كوردستاندا وەك پێنجوێن، مەریوان، بانە، سەقز، بۆكان، مەهاباد، سەراو، سەروچاوە، بیارە.
لە كاتێكدا كە دوا قۆناغی خوێندنی لە بیارە دەبێت، بەهۆی زیرەكی و قسەڕەوانییەوە، مەلای گەورەی ئەو كاتەی بیارە مامۆستا (مەلا عەبدولقادر) نازناوی موفتیی پێ بەخشیوە، چونكە هەر لەوكاتەدا موفتی شاری سنە ناوی مەلا عەبدوڵای موفتی بوو، ئەمیش بەهەمان یادەوە ئەم نازناوەی پێ دەبەخشرێ.
لە ساڵی ١٩٤٦ كە كۆماری كوردستان لە مەهاباد دامەزرا، هەرچەندە نەخۆش بوو، بەڵام خۆشەویستیی ئەم سەربەخۆییەی كوردستان گەیاندییە ناوجەرگەی ئەم كۆمارە، تا بەچاوی خۆی ئاواتی چەند ساڵەی ببینێت، لەوێ چەند پارچە هۆنراوەی بۆ كۆماری كوردستان نووسیوە و لە گۆڤاری (هەڵاڵە) بڵاوی كردووەتەوە.
لە ڕۆژی ١٥/٦/١٩٥٢ كۆچی دوایی كردووە و لە گۆڕستانی (حاجی شێخ)دا لە پێنجوێن بەخاك سپێردراوە.