سەنتەری كۆمەڵایەتیی كۆییانی شاری سلێمانی، كۆڕێك بۆ نووسەر و ئەستێرەی بواری ئەدەبی " فازیل شەوڕۆ" ساز دەكات.
سەنتەرەكە بڵاوی كردەوە، لە درێژەی كار و چالاكییەكانی سەنتەری كۆمەڵایەتیی كۆییانی شاری سلێمانی، كۆڕێك بۆ "فازیل شەوڕۆ" بەڕێوە دەبات بە ناونیشانی "پیرۆزترین خاك، لە پیرۆزەی دەقە شیعرێكی گەردوونیی قوبادی جەلیزادە دا".
كۆڕەكە رۆژی چوارشەم، نۆی تەمووزی 2025، سەعات پێنجی ئێوارە، لە هۆڵی سەنتەری كۆییان بەڕێوە دەچێت.
فازیل حەمەد عەبدوڵا، لە ناوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیری بە فازیل شەوڕۆ ناسراوە، لە 12-02-1951 لە داوێنی چیای باواجیی سەركەش، لە گەڕەكی (قەڵا)ی كۆیە لەدایك بووە، باوكی بە وەستا حەمەد ناسراوە، ماوەی (80) ساڵ كاری كلیلسازی و چەخماخسازی لە شاری كۆیە كردووە، پیاوێكی كۆمەڵایەتی و ڕووخۆش و قسەخۆش بووە.
نووسەر فازیل شەوڕۆ، هەموو قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی هەر لە شاری كۆیە تەواو كردووە، ساڵی 1970 لە بەشی زمان و ئەدەبی كوردیی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە، پاش مانگێك دەوامكردن لەسەر ئامۆژگاری و پێشنیاری دكتۆر مارف خەزنەدار، خوێندنی خۆی گواستووەتەوە بەشی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی لە هەمان كۆلێژ و زانكۆ.
شاعیر و نووسەر و لێكۆڵەر فازیل شەوڕۆ، هەر لە منداڵییەوە حەز و ئارەزووی لە شیعر و ئەدەب و زمانی كوردی بووە، ئەو قوتابیی پۆلی دووی ناوەندی بووە، شاعیر شەفیق بەیادی نازناوی (شەوڕۆ)ی داوەتێ، ئەو لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابروو، ئەو كاتەی قوتابی بووە لە زانكۆی بەغدا، لە كۆڕ و كۆبوونەوە ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەكانی بەغدا ئامادە بووە، ئاشنایەتی لەگەڵ شاعیران (شێركۆ بێكەس، لەتیف هەڵمەت، فەرهاد شاكەلی، ئەنوەر قادر جاف، نەوزاد ڕەفعەت، ڕەفیق سابیر، كەمال میراودەلی و چەندانی تر) پەیدا كردووە، دەستی کردووە بە خوێندنەوەی شیعری شاعیرانی كلاسیكی و نوێخوازی كوردی و عەرەبی و بەرهەم و شاكارە وەرگێڕاوەكانی جیهانیش، هەر هەمان كات دەستی بە نووسینی شیعر كردووە، یەكەم نۆبەرەی بەرهەمەكانی كە پارچە شیعرێك بووە بە ناوی (زامەكان) لە ڕۆژنامەی هاوكاری بڵاو كردووەتەوە.