ڕوونكردنەوەیەك لەبارەی پرسی كتێبخانە و دەستنووسەكانی عەزیز گەردی

:: PM:02:53:19/08/2025 ‌
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، بە چاودێری و ڕاسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران، لە ساتی كۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، لەسەر هێڵ بووین و هەموو هەوڵێكمان خستەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئاست ئەو بەخششە گەورەیە بین، كە مامۆستای كۆچكردوو ژیانی بۆ تەرخان كردبوو لە پێناو خزمەتكردنی وشە و كتێبخانەی كوردی.

دەشڵێت، لەو چوارچێوەیەدا وەزارەتمان لە ڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەندەوە كە پێكهاتبوون لە بریكاری وەزارەت، ڕاوێژكار و گوتەبێژ و بەرپرسی بەشی یاسایی وەزارەتمان، لەسەر هێڵ بوون لەگەڵ سەرجەم میراتگرەكانی، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی پارێزگاری لە سامانی كولتووری بەجێماوی مامۆستای كۆچكردوو، لە خزمەتی ناوی بەرز و درەوشاوی عەزیز گەردی بین.

ئاماژە بەوەش كراوە، بۆ ئەو مەبەستە نووسینگەی سەرۆك وەزیران و وەزارەتمان ئامادەیی دەربڕی بۆ كڕینەوەی سەرجەم سامانی كولتووری مامۆستا و كردنەوەی كتێبخانە و مۆزەخانەیەكی تایبەت بە یادگارییەكانی مامۆستا. هەروەها پێشنیازمان خستەڕوو بۆ میراتگرەكانی، ماڵەكەی مامۆستای كۆچكردوو، بكڕینەوە و چەند ئەندامێكی بنەماڵەی میراتگرەكان دابمەزرێن و وەك فەرمانبەری حكوومەت لە كتێبخانە و مۆزەخانەكەیدا خزمەت بكەن.

ئەو وەزارەتە باس لەوە دەكات، بەداخەوە بەهۆی ڕاجیایی، میراتگرە بەڕێزەكانی مامۆستای كۆچكردوو، ڕێگەیەكی تریان هەڵبژارد، بەڵام ئێمە وەك وەزارەت لەبارەی بەرهەم و دەستنووسەكانی مامۆستای كۆچكردوو، لەگەڵ نووسینگەی سەرۆك وەزیران لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی میراتی ڕۆشنبیری و كولتووری و دەستنووسەكانی مامۆستای كۆچكردوو، وەك موڵكی گشتیی سەیریان بكرێت، مافی خاوەندارێتیی ئەو بەرهەمانە هەر لەسەر ناوی مامۆستا عەزیز گەردی بپارێزرێن، حكوومەت بەوپەڕی بایەخەوە كار دەكات بۆ وەرگرتنی مافی بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی لەسەر پاراستن و چاپكردن و بڵاوكردنەوەیان لە پێناو سوودی گشتی.

هەروەها وەزارەتمان لەسەر ڕاسپاردەی نووسینگەی سەرۆك وەزیران، هەموو ڕێكارێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ كڕینەوەی سامانی كولتووری مامۆستا عەزیز گەردی لە پێناو خزمەتكردن و پاراستنی بەرهەم و داهێنانەكانی مامۆستای كۆچكردوو. داواكاریشین میراتگرە بەڕێزەكان لە ئاست بەرپرسیارێتی نیشتمانی و نەتەوەییدا، بەدەم بانگەوازەكەمانەوە بێن بۆ ئەوەی گیانی مامۆستای كۆچكردوو بە چاپكردنی دەستنووس و بەرهەمەكانی شاد بێت و مافی میراتگرەكانیش پارێزراو بێت.



وشە - رامیار جەواد