رۆمانێكی رۆماننووسی دیاری كورد عەتا نەهایی دەكرێت بەئینگلیزی، "باڵندەكانی دەم با" دووەم ڕۆمانی نووسەرە و ساڵی 2002 چاپ بووە.
بڕیارە ئەمساڵ چاپەمەنیی كامن نۆشنز لە ئەمەریكا، رۆمانی "باڵندەكانی دەم با"ی عەتا نەهایی بڵاو بكاتەوە، ئەم ڕۆمانە چیا پەروێزپوور و حۆری مەلێكی، لە زمانی كوردییەوە بۆ زمانی ئینگلیزی وەریانگێڕاوە.
بەگوتەی وەرگێڕەكانی، لە یەكی ئەیلوول رۆمانی "باڵندەكانی دەم با" لە زۆربەی وڵاتە ئینگلیزی زمانەكان بەردەست دەبێت.
بەگوتەی زۆرینەی خوێنەران و رەخنەگران "باڵندەكانی دەم با" باشترین رۆمانی نووسەرە، ئەگەرچی نەهایی رۆمانی "گرەوی بەختی هەڵاڵە"ی زۆرترین خوێنەری هەبووە و زۆرترین جاریش چاپ كراوەتەوە.
عەتا نەهایی لە ساڵی 1960 لە شاری بانەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە دایك بووە، یەكێكە لە ڕۆماننووس و چیرۆكنووس و وەرگێڕە دیارەكانی كورد. لە ساڵی 2008 خەڵاتی ئەحمەد هەردیی پێ بەخشراوە و دوایین ڕۆمانیشی، ڕۆمانی "گرەوی بەختی هەڵاڵە"ـیە كە لە ساڵی 2008 لە سلێمانی بڵاو بووەتەوە. "وشە" زانیویەتی رۆمانێكی نوێی نووسیوە، بەڵام تا ئێستە بڕیاری بڵاوكردنەوەی نەداوە.
نەهایی جگە لەوەی رۆمانووسێكی بەتوانایە، هاوكات چەندان شاكاریشی لە زمانی فارسییەوە بۆ كوردی وەرگێڕاوە و هەموو ئەو كارانەی كەلێنی گەورەیان لە كتێبخانەی كوردی پڕ كردووەتەوە.
كامن نۆشنز چاپەمەنییەكی ئەمەریكییە و هەوڵ دەدات ئەدەبیاتی نەناسراو و پەراوێزخراو، بە دنیا بناسێنێت و لە زۆربەی وڵاتانی دنیاش خوێنەری تایبەتی خۆی هەیە.