نامه‌یه‌كی ناپلیۆن بۆناپارت بۆ خوشكی: له‌گه‌ڵ مێردت ژنێكی باش به‌

:: PM:03:42:16/09/2025 ‌


كاخه‌زی نامه‌یه‌كی كۆنی ناپلیۆن بۆناپارت سه‌ركرده‌ی دیاری فڕه‌نسی، بۆ خوشكه‌كه‌ی بڵاو بووه‌ته‌وه‌. مێژووی نامه‌كه‌ بۆ تشرینی دووه‌می ساڵی 1803 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌. 

ناوه‌ڕۆكی نامه‌كه‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌م 16ی ئه‌یلوول ئاشكرا كراوه‌

له‌ نامه‌كه‌دا ناپلیۆن به‌ پاولینای خوشكی ده‌ڵێت، چۆن بۆ مێرده‌كه‌ی ژنێكی باش بێت، چونكه‌ خوشكه‌كه‌ی ئه‌وده‌م تازه‌ شووی به‌ میرێكی ئیتاڵی كردبوو و ده‌بوو بۆ رۆما گه‌شت بكات.

له‌ نامه‌كه‌دا هاتووه‌، "به‌ نه‌رمونیانی خۆت له‌ خه‌ڵكی تر جودا بكه‌وه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌س باش به‌، به‌ تایبه‌تی ژن و هاوڕێ و خزمانی مێرده‌كه‌ت."

ناپلیۆن هه‌روه‌ها ئامۆژگاریی خوشكه‌كه‌ی كردووه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ دابونه‌ریتی ئیتاڵیا خۆی بگونجێنێت. ئه‌و نووسیویه‌تی، "هه‌موو شتێكت لا جوان بێت، هه‌رگیز مه‌ڵێ له‌ پاریس فڵان و فیسار شت به‌ به‌راورد لێره‌ جوانتره‌."

له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ خوشكه‌كه‌ی ناپلیۆن گوتوویه‌تی، "له‌ پێناو خۆشبه‌ختی خۆت له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ت باش به‌ و ماڵه‌كه‌ت بپارێزه‌. له‌ هه‌مووشی گرنگتر، هه‌رگیز ئه‌ركه‌كانت به‌ گاڵته‌ وه‌رمه‌گره‌ و هه‌روه‌ها هه‌رگیز هه‌ڵمه‌چۆ. تۆ ته‌مه‌نت 24 ساڵه‌. ئێسته‌ ده‌بێت پێگه‌یشتووانه‌ و تێگه‌یشتووانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌یت."

هاوكات به‌ خوشكه‌كه‌ی گوتووه‌ هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئینگلیزه‌كان تێكه‌ڵ نه‌بێت، هۆشداریی پێ داوه‌ كه‌ هه‌رگیز له‌ ماڵه‌وه‌ رایاننه‌گرێت. 

كاتی نووسینی نامه‌كه‌ فڕه‌نسا و به‌ریتانیا له‌ شه‌ڕدا بوون. ناپلیۆن ده‌ترسا سیخوڕه‌ ئینگلیزه‌كان خوشكه‌كه‌ی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنن و نهێنییه‌كانی پێ بدركێنن.

نامه‌كه‌ی ناپلیۆن 20ی ئه‌م مانگه‌ له‌ بۆستنی ئه‌مه‌ریكا، له‌ زیادكردنێكی ئاشكرا ده‌فرۆشێت. نرخه‌كه‌ی له‌ 15 هه‌زار یۆرۆه‌ ده‌ست پێ ده‌كات.


 



وشە - محەمەد كامەران