رۆماننووسی دیاری كورد جەبار جەمال غەریب رۆمانێكی نوێی بەناوی "میراتگرانی عشق" بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ماوەی سێ ساڵە كاری تێدا دەكات.
جەبار جەمال غەریب ناوێكی دیاری ئەدەبی كوردییە، رۆمانەكانی خوێنەرێكی زۆریان هەیە، دوای چاپكردنی هەر رۆمانێكی، دەنگدانەوەیەكی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت.
لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" لەبارەی رۆمانە نوێیەكەیەوە گوتی، سێ ساڵە خەریكی ئەو رۆمانەم و بەردەوام لەو ماوەیەدا بە ڕژدی كارم تێدا كردووە، دوای ئەوەی لە نیوەی ئەمساڵ تەواو بوو، دەزگای سەردەم ئامادە بوون و چاپی بكەن.
ئەوەشی گوت، رۆمانەكە لە 3/10 لە پێشانگەی كتێبی سلێمانی بڵاو دەكرێتەوە، لە رۆژانی پێشانگەش رۆژێك دەچمە سلێمانی و لەوێ دۆستان و خوێنەرانی رۆمان دەبینم.
باسی لەوەش كرد، رۆمانەكە نزیكی 400 لاپەڕەیە، یەكێكی ترە لە هەوڵەكانی من لە بواری ئەدەبیدا، هیوادارم بگاتە خوێنەرانی رۆمان و وەك ئەوانیترم شایانی باس بێت.
جەبار جەمال غەریب پێشتر چەندان چیرۆكی نووسیوە و لەم ساڵانەشدا چەندان رۆمانی پێشكەشی كتێبخانەی كوردی كردووە.
لە ساڵی 1961 لە قەڵادزێ لە دایك بووە، نووسەر و لێكۆڵەر و ڕۆماننووسێكی كوردی خەڵكی باشووری كوردستانە. لە سەرەتای ساڵەكانی 1980 دەستی بە نووسین كردووە. جەبار جەمال غەریب خەڵاتی حوسێن عارف و وەرگرتووە.
هاوكات لە زانكۆی كوردستان لە سنە خەڵاتی قەڵەمی هەژاری دراوەتێ كە بۆ باشترین ڕۆمان كوردی لەسەر ئاستی هەموو كوردستان تەرخان كرابوولە ناو 913 كتێب خەڵاتە زێڕینەكەی قەڵەمی هەژار درا بە ڕۆمانی كەوتنی ئاسمانەكان.
بەشێك لە كتێبەكانی بریتین لە پێنجەمین كتێب، سەردەمی گریانی بەلقیس، كەوتنی ئاسمانەكان، دنیا لە كتێبێكدا، ئەو باڵندە فڕیوانەی كە زبڵن، نەتەوەی زێرابەكان، بەشێك لە بەرهەمەكانی بۆ زمانەكانی تر وەرگێردراون.