دلاوەر رەحیمی رۆمانی "وێڵی" بڵاو دەكاتەوە و رای دەگەیەنێت، ئەم ڕۆمانە ساڵی 2017 نووسراوە و ئەمساڵ ئیدێتم كردووە. بە فۆرمێكی نوێ و زمانێكی خێرا و هەندێ جاریش توند نووسراوە.
دلاوەر ڕەحیمی رۆمانی "وێڵی" چاپ و بڵاو دەكاتەوە، پێشتریش رۆمانێكی تری بەناوی "هاوزێ" بڵاو كردەوە و پێشوازییەكی باشی لێ كرا.
رۆمانی وێڵی وەها دەست پێ دەكات، تۆ بەندییەكی لە بەندیخانەیەكی ئابڵۆقەدراودا، گەمارۆدراو بە بەندیوان و بە پاسەوان، بە دوو پیاو، بە سێ ژن، بە سێ دراوسێ، بە سێ مەلاژن، بە دوو مەلا، بە چوار دراوسێ، بە سێ دراوسێی دوورتر، بە مامێك و دوو خاڵ، بە پوورێك و سێ مامی تر، بە مامێك و چوار پوورزای دوورەوڵات، بە ئامۆژنێكی پزیشك و خاڵۆزایەكی ئەندازیار، بە برایەكی مەینۆش و ئامۆزایەكی بانگبێژ، بە دوانزە، هەژدە، سی یان چل و دوو یانژی شەست و سێ بۆینباخ لەمل، بە بۆینباخ لەملێكی مەینۆش، یانژی مەینۆشێكی بۆینباخ لەمل، بە سێ یان چوار ئاغا، دوكاندارێكی چاوحیز و دوو بەقاڵ و سێ ماستفرۆش و نۆ عەرەبانەچی و ئاپۆرایەك لە بێناو و نیشان، بە قومارچییەكی پیشەگەر و دەیانی ناپیشەگەر، بە دوو مەلا و شەش مەلاژنی تر، بە دوو سەرتاش و سێ دەستفرۆش، بە سێ نووسەر، شانزە نووسەر، بە هەموو نووسەرەكان - نووسەرەكان پاسەوانی ڕاستەقینەی ئەم بەندیخانەیەن - تۆ نووسەرەكان باشتر لە من دەناسی، شێوەكارەكانیش دەناسی، موزیسیەنەكانیش دەناسی، دەستیان چەورە، ئوتومبێلیان لە ژێرە، سەندیكا و یەكێتی و ڕێكخراویان هەیە، جوانییەك ئەگەر بدۆزنەوە بۆ ئەوەیە ناشیرینی بكەن، دەست لە هەموو شتێك وەردەدەن. تۆ بەندییەكی لەناو خۆتدا، لەو بەندیخانەیەی ناو خۆت، بەندییەكی ئابڵوقەدراوی بە سەرباز، بە پانزە چەكدار، بە دەیان پۆلیس.
دلاوەر لەبارەی رۆمانەكەوە نووسیویەتی، ئەم ڕۆمانە ساڵی 2017 نووسراوە و ئەم ساڵ ئیدێتم كردووە. بە فۆرمێكی نوێ و زمانێكی خێرا و هەندێك جاریش توند نووسراوە.