جوان حاجۆ لە باشووری كوردستان سێ كۆنسێرت بەڕێوە دەبات

:: AM:10:20:21/10/2025 ‌
جوان حاجۆ لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا رای گەیاند: سێ كۆنسێرتی گەورە لە دهۆك، زاخۆ و چیای كۆڕەك ساز دەكات. داواش لە هەوادارانی دەكات بچن و بەشداریی كۆنسێرتەكانی بكەن.

لە پەیامێكی ڤیدیۆییدا هونەرمەندی دیاری كورد جوان حاجۆ رای گەیاند، 26ی تشرینی یەكەم یەكەمین كۆسێرتی لە پاركی نەورۆزی دهۆك بەڕێوە دەبات.

باسی لەوەش كردووە، دووەمین كۆسێرتی لە كۆڕنیشی زاخۆ لە 27 ئەم مانگە و سێیەمین كۆنسێرتیشی لە 28ـی مانگ لە هۆتێل رادیسۆن بلوی چیای كۆڕەك بەڕێوە دەچێت.

ئاماژەی بەوەش داوە، تەنیا كۆنسێرتەكەی زاخۆ بەخۆڕاییە و ئەوانی تر بە بلیت دەچنە ژوورەوە.

جوان حاجۆ لە 17ی ئابی 1957 لە تربەسپیێ لە ناوچەی قامیشلۆ لە دایك بووە. لە بنەماڵەی حاجۆ ئاغایە كە لە دوای شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران ناوچەی مێردینیان بەجێ ھێشتووە. 

جوان ھەر لە منداڵییەوە بە دوای موزیك بووە و لە 17 ساڵیدا بۆ یەكەم جاری لە شوێنێكی گشتیدا گۆرانیی گوتووە. لە 1979 كوردستان بە جێ دەھێڵێت و لە ئەڵمانیا لە زانكۆی رور بوخوم خوێندنی موزیك دەست پێ دەكات. لەو ماوەیەدا موزیكوانە ئەڵمانییەكان وەك ئودۆ هێربست كاریگەرییان لەسەری داناوە. ئەمە دەبێتە ھۆی ئەوە كە بە موزیكی فۆلكلۆری كوردی و بە تایبەتمەندییەكانی موزیكی پۆپ و ڕۆكی ئەوروپی شێوازێكی نوژەن و تایبەتی خۆی پێكبێنێت.

 جوان حاجۆ لە ساڵی 2004 ڕێگەی پێ درا لە توركیا كۆنسێرت بگێڕێت و پێشوازییەكی زۆر مەزنی لێ كرا. لە دوای 1999 كە ژیانی ھاوبەشی پێكھێنا، دەقی سترانەكانی جوان حاجۆ گۆڕانكاریی بە خۆیەوە بینی و لە شێوازێكی شۆڕشگێڕانەوە بەرەو باسی جوانییەكانی ژیان و ئەوینەوە ڕۆیشت. 

هەروەرها جوان حاجۆ لە فیلمی "دۆڵ" لە ساڵی 2007 كە دەرھێنانی ھونەر سەلیم بوو ڕۆڵی گێڕا.



وشە - سۆران عەزیز