قوبادی جەلیزادە رای گەیاند، جیا لە نووسین پیشەی دادوەریشە خۆی بە ئەندامی یەكێتیی نووسەران و یەكێتی دادوەرانی كوردستان و یەكێتیی مافپەروەرانی كوردستان نازانێت.
ئەو هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە ئەم سێ رێكخراوە بێدەنگبوون بۆ داكۆكی لە ماف، لە بەرانبەر چەند بڕیارێك كە بە " ناحەق " بەسەریدا سەپێنراوە.
دەقی نووسینەكەی قوبادی جەلیزادە:
1-لە ساڵی 2015 كە یەكێتیی نووسەران بێدەنگ بوو و بە هاوارمەوە نەهات، كاتێ لەسەر بڕیاری لیژنەی ئەوقافی پەرلەمان كۆمەڵە شیعری "ستیانی بەفر پڕە لە ڕیشۆڵە " دەستی بەسەردا گیرا، داواكاری گشتی منی دا بەدادگا، ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەوە كە دوو مامۆستای ئاینی لە گوتاری هەینیدا تەكفیریان كردم، ئیدی لەو دەمەوە خۆم بە ئەندامی یەكێتیی نووسەران نازانم.
2-بەر نزیك 14 ساڵێك ، لەسەر گوتاری "بێدادی لە خانەی داد" دا، لەبەر سێ ڕۆژ مانگرتنم لەسەر دابەشكردنی نادروستی كورسی دادوەری لە سەرۆكایەتی پێداچوونەوەی سلێمانی، بە بڕیارێكی ستەمكارانەی دەسەڵاتی دادوەری لە سلێمانییە گواسترامەوە بۆ چەمچەماڵ و بێدەنگبوونی یەكێتیی دادوەرانی كوردستان و یەكێتیی مافپەروەرانی كوردستان، لە ئاست ئەو بێ دادییە، ئیتر لەوساوە خۆم بە ئەندامی ئەو دوو ڕێكخراوە نازانم.
لە كۆتایشدا ئەو شاعیر و دادوەرەی كورد نووسیویەتی، نەمری بۆ وشەی ئازاد و بوێر، سەركەوتن بۆ دادپەروەریی.