ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م 26ی تشرینی یه‌كه‌م، 18ه‌مین فێستیڤاڵی ساڵانه‌ی شانۆی سه‌رشه‌قامی مه‌ریوان ده‌ستی پێ كرد كه به رووداوێكی گرنگ و ناوازه‌ی هونه‌ری له‌و شاره‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داده‌نرێت.
شاره‌وانیی مه‌ریوان بۆ پێشوازیكردن له میوانان و گرووپه‌كانی شانۆ كه له ته‌واوی ئێران و ژماره‌یه‌ك وڵات به‌شدارییان كردووه، شه‌قامه‌كانی رازاندووه‌ته‌وه.
43 گرووپی شانۆ به 200 به‌رهه‌می جیاوازی هونه‌ری به‌شدارییان له‌و فێستیڤاله‌دا كردووه، ئه‌مساڵ له تونس و هیندستانیشه‌وه ژماره‌یه‌ك گرووپی شانۆ به‌شدارن.
ماوه‌ی فێستیڤاڵه‌كه چوار رۆژه و به‌گوێره‌ی پلانی به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌و فێستیڤاڵه، 106 جار به‌رهه‌مه شانۆییه‌كان نمایش ده‌كرێن و كۆمه‌ڵێك گۆڕه‌پان و شوێنی جیاواز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شانۆكان ده‌ستنیشان كراون، له‌وانه‌ش ده‌ریاچه‌ی زرێبار، پاركی شانۆ، پاركی میله‌ت، مه‌یدانی باوه‌ڕه‌شی و له ژماره‌یه‌ك قوتابخانه و گوندی مه‌ریوانیش، هه‌ندێك شانۆ پێشكه‌ش ده‌كرێن.
به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م فێستیڤاڵه له مه‌ریوان وایكردووه، گه‌شتیاران له ته‌واوی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێرانه‌وه سه‌ردانی مه‌ریوان بكه‌ن و كه‌شێكی زۆر دڵگیری هونه‌ری له ماوه‌ی ئه‌م چوار رۆژه‌دا به‌سه‌ر مه‌ریواندا زاڵ بێت.