شاخەوان برایم عەبدوڵا كتێبی "شوناس و هەڕەشە"ی بڵاو كردەوە

:: PM:02:00:26/10/2025 ‌
شاخەوان برایم عەبدوڵا نۆیەمین كتێبی بەناوی "شوناس و هەڕەشە" بڵاو كردەوە. كتێبەكە كۆمەڵە گوتارێكی سیاسییە.

شاخەوان برایم یەكێك لە نووسەرە گەنجە دیارەكانی بواری لێكۆڵینەوە، لە ماوەی ئەم چەند ساڵەدا چەند كتێبێكی چاپ و بڵاو كردووەتەوە و كتێبەكانی كەلێنێكی گەورەیان لە كتێبخانەی كوردی پڕ كردووەتەوە.

شاخەوان برایم عەبدوڵا لە پێشەكیی كتێبە نوێیەكەی بەناوی "شوناس و هەڕەشە.. كورد و بەغدا دوو ئاراستەی پێچەوانە" دەڵێت: كۆمەڵە گوتارێكی سیاسییە، لە نێوان ساڵانی (2011 تا 2025) پێوەست بە كێشە بەردەوامەكانی نێوان هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و بەغدای پایتەختی كۆماری عێراق نووسراون، بەشی زۆریان لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕە كوردییەكان و چەند گوتارێكیشیان لە ئەكاونتی تایبەتی خۆم، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا بڵاو كراونەتەوە.

نووسەر بۆ "وشە" گوتی، شوناس و هەڕەشە، تەنیا ئەو گوتارە بڵاوكراوانەی تێدان كە پێوەندیدارن بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەداخەوە زۆرینەی ئەو كێشانەی لەم كۆمەڵە گوتارەدا تیشكیان خراوەتە سەر، ئێستەش بەردەوامن، مەزەندە دەكەم لە ئایندەشدا بەشێوەیەك لە شێوەكان بەردەوام بن، چونكە بەغدا نایەوێت كێشەی كورد بەپێی دەستوور و ڕێككەوتنەكان و‌ دیالۆگ و بنەماكانی دیموكراسی چارەسەر بكات. 

نووسەر ئەوەشی گوتووە، عێراق دەوڵەتێكە‌ لەبری ئەوەی قەرەبووی تاوانەكانی ئەنفال و هەڵەبجە و كۆمەڵكوژكردنی كورد بكاتەوە، پرۆسەی سەركوت و پێشێلكاریی بەرانبەر كورد و مافە ڕەواكانی خەڵكی كوردستان بەردەوام تۆختر بووەتەوە.

"كۆكردنەوە و ئەرشیڤكردنی ئەم كۆمەڵە گوتارە، دەكرێت سوودیان هەبێت، هەر هیچ نەبێت نەوەی داهاتوو بزانن دەسەڵاتدارانی دوای سەدام حوسێن، ئەوانیش لە ستەمكاریی بەرانبەر كورد هەمان ڕەفتاریان هەبووە، بەڵام بە شێوازی جیا". شاخەوان وای گوت.

نووسەر ئاماژەی بەوە داوە، بۆچی شوناس و هەڕەشە؟ چونكە دوای ئازادیی عێراق لە ساڵی 2003، عێراقییەكان بە كوردیشەوە دڵخۆش بوون بەوەی سەردەمێكی نوێ و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتییانی عێراق بە عەرەب و كورد و توركمان و تەواوی پێكهاتەكانی تریشەوە دێتەدی، كەچی عێراق نەك هەر خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە نەبینی و هاووڵاتییانی ئاسوودە نەبوون، بەڵكو دووچاری زۆرترین ئازار و ئاوارەیی و پێشێلكردنی مافەكانیان لەسەر ناسنامەی نەتەوەیی و ئاینی بوونەوه، كوردیش زیاتر لە هەموو پێكهاتەكانی تری عێراق، ڕووبەڕووی هەڕەشە كرایەوە، هەڕەشەی سڕینەوەی شوناسی كوردبوون و بەعەرەبكردنی خاكەكەی لەلایەن حكوومەتی بەغدا، سەرەڕای ئەوەی لە دەستووردا عێراق بە‌ كۆمارێكی فیدراڵی و پەرلەمانی و دیموكراسی پێناسە كراوە، كەچی كێشەكان بە دەستوور چارەسەر نەكران و دەستوور‌ تەنیا ڕووكەش‌ و ئامرازێك بووە‌ بۆ سەركوتكردنی كورد و پێشێلكاریی بەرانبەر مافە نەتەوەیی و یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان لە كۆماری عێراقدا.

كتێبی "شوناس و هەڕەشە"، لە دووتوێی 680 لاپەڕە و بە 150 ناونیشان بڵاو كرایەوە و ئێستە لە كتێبخانەكان بەردەستە.




وشە - سۆران عەزیز