وڵاتەكەیان رێیان لێ دەگرێت و ژنانی ئەفغانستان پێش دەكەون

:: PM:01:12:29/10/2025 ‌
ئەگەرچی كولتوور و دەسەڵاتی وڵاتەكەیان هەمیشە رێگرییان لێ دەكات و بۆ دواوە دەیانبات، بەڵام ژنانی ئەفغانستان بەردەوامن لە پێشكەوتن و دەركەوتن لە ئاستی دنیا.

ڕۆیا سادات فیلمسازی بەناوبانگی ئەفغانستان لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، لەبارەی وەرگرتنی خەڵاتی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ئیسپانیا پەیامێكی بڵاوكردەوە.

ڕۆیا سادات ڕای گەیاند، فیلمی"ئاوازی سیما" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سینەمایی شاری بیلبائوی ئیسپانیا خەڵاتی وەرگرت، كە لە سێ نمایشی یەك لە دوای یەك زۆرترین بینەری هەبوو.

ئاماژەی بەوەش كرد، فیلمەكە بە هاوكاریی كۆمپانیاكانی خانەی فیلمی ڕۆیا، بالدەر فیلم، ڤیلۆس فیلم و پۆربن فیكتۆری بەرهەم هێنراوە، هەروەها ئەكتەرانی وەك موژدە جەمالزادە، نیلوفەر كۆخانی، عەزیز دڵدار، نیلوفەر پەزیرا،  لینا عالم، ماكس گرۆس، پەیمان ئاریانفەر، مۆرتەزا عەلەوی، زوبێر پاداش و حەلیمە ئەحمەدی تێیدا بەشدار بوون.

ڕۆیا سادات فیلمسازی ئەفغانستان باسی لەوەش كرد، فیلمی ئاوازی سیما چیرۆكێكی مرۆڤانەیە و ئاماژە بە خۆڕاگری و هیوای ژنانی ئەفغانستان دەكات.

ئەمە لە كاتێكدایە ماوەیەك لەمەوبەر، ڕۆیا سادات خەڵاتی تری لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی تۆرۆنیۆی كەنەدا وەرگرت.



وشە - سۆران عەزیز