كتێبی "فەرھەنگی وەسفیی شیكردنەوەی گوتار و مەبەستناسی"، لەلایەن ئەكادیمیای كوردی چاپ و بڵاو كرایەوە. ئەم فەرھەنگە كاری ھاوبەشی شەش ساڵی د. رەحیم سورخی و د. عادل محەمەدییە.
د. رەحیم سورخی لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، ئەم فەرھەنگە، كاری ھاوبەشی شەش ساڵمانە لەگەڵ د. عادل محەمەدی كە زاراوە سەرەكییەكانی دوو بواری شیكردنەوەی گوتار(Discourse Analysis) و مەبەستناسی(Pragmatics) لە خۆ گرتووە.
هەروەها نووسیویەتی، ھەر زاراوەیەك ھاوتا ئینگلیزییەكەی لەگەڵدایە و بەتێروتەسەلی چەمكەكان بە كوردی وەسف و ڕوون كراونەتەوە.
"بەتایبەتی بیردۆزی و ڕێبازی شیكردنەوەی رەخنەیی گوتار لە كوردی، كاری زۆر لەسەر نەكراوە، بۆیە ئەم فەرھەنگە سەرچاوەیەكی پێویست بوو لە كتێبخانەی كوردیدا ھەبێت".
سورخی باسی لەوەش كردووە، توێژەران و قوتابیان بوارەكانی زمانناسیی كارەكی، كۆمەڵناسی، زانستە سیاسییەكان، فەلسەفە و ڕەخنەی بیردۆزیی ئەدەبی و شیكردنەوەی دەق، میدیا و ڕاگەیاندن، دەتوانن سوودی باشی لێ وەربگرن.
فەرهەنگی وەسفیی شیكردنەوەی گوتار و مەبەستناسی ئینگلیزی ـ كوردی، د. ڕەحیم سورخی و د. عادل محەمەدی نووسیویانە، ئەكادیمیای كوردی چاپی كردووە و ئێستە لە كتێبخانەكان بەردەستە.