گارا سازكار و ئەیووب عەلی گۆرانییەك بۆ ئاڵای كوردستان دەڵێن و لە رۆژی ئاڵاش بڵاوی دەكەنەوە

:: AM:09:07:05/11/2025 ‌
هونەرمەندان گارا سازكار و ئەیووب عەلی بەرهەمێكی تری هاوبەش لەبارەی ئاڵای كوردستانەوە و بڵاو دەكەنەوە و وەك بەرهەمەكەی پێشوویان "كوردم"، چاوەڕێ دەكەن پێشوازیی زۆری لێ بكرێت.

لە ماوەی رابردوودا هەردوو هونەرمەند ئەیووب عەلی و گارا سازكار گۆرانی "كوردم"یان بڵاو كردەوە، ئەم بەرهەمە بووە وێردی سەر زمانی خەڵكی كوردستان و لە چەندان بۆنە، وەك بەرهەمێكی هونەریی نەتەوەیی پێشكەش كرا و پێشوازییەكی بێ وێنەی لێ كرا.

 لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەیان هونەرمەند ئەیووب عەلی، بۆ "وشە" گوتی، ئەم كارەیان كە تایبەتە بەئاڵای كوردستان، تێكستەكەی خۆی نووسیویەتی و ئاواز و موزیكیش هەر كاری خۆیەتی.

ئەیووب ئەوەشی گوت، بەرهەمەكە بەهەردوو زاراوەی سۆرانی و كرمانجییە و بەشە كرمانجییەكەی تێكستەكەی هونەرمەند گارا سازكار نووسیویەتی.

ئەیووب عەلی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كاری موزیكی ئەم بەرهەمە لە ستۆدیۆكانی بەریتانیا، ئەڵمانیا و باكوری كوردستان تۆمار كراون. كاری وێنەگرتنی ڤیدیۆ كلیپەكەش لە ئەڵمانیا و كوردستان دەكرێت و سیپان فازڵ دەرهێنەریەتی.

بڕیار وایە لە رۆژی ئاڵای كوردستان، بەرهەمەكە بڵاو بكەنەوە كە دەكەوێـتە 17ـی كانوونی یەكەمی هەموو ساڵێك.



وشە - سۆران عەزیز