له هه‌ولێر شاره‌زایه‌كی بواری ئای تی كه خۆی هاوكات كه‌سێكی زمانه‌وانه به پشتبه‌ستن به ژیریی ده‌ستكرد، ئامرازێكی ئه‌لیكترۆنیی زمانه‌وانی دروست كردووه كه ده‌توانێت خزمه‌تێكی زۆری زمانی كوردی بكات و بە گشتی بۆ هاووڵاتییان به‌تایبه‌تی نووسه‌ران و رۆژنامه‌نووسان به‌سوودتر بێت.
خاوەنی پڕۆژەکە سه‌نگه‌ر شنۆییه کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و ساڵانێکە لە هەولێر دەژیت. ئامرازە زمانەوانییەکە بریتییە لە ماڵپه‌ڕێكی تایبه‌تیی ئەلیکترۆنی کە به چوار زمانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی و فارسی خزمه‌تگوزارییه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كات و لە داهاتوودا وەک ئەپێک لەسەر مۆبایل و کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی تر دادەبەزێنرێت.
ئه‌وه‌ی له‌م پڕۆژه‌یه‌دا جێی بایه‌خ و تێڕامانه ئه‌وه‌یه، پشتی به ژیریی ده‌ستكرد به‌ستووه و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاریی گرنگی بواری زمانه‌وانی دەخاتە خزمەتی هاووڵاتییان.
به‌نموونه هه‌ر له لاپه‌ڕه سه‌ره‌كییه‌كه‌یدا لانی كه‌م 12 جۆر خزمه‌تگوزاری بە چوار زمان پێشكه‌شی به‌كاربه‌ر ده‌كات. به‌شێكی ئامرازه‌كه تایبه‌ته به گۆڕینی ده‌نگ به ده‌ق. له به‌شێكی تردا فایلێكی ده‌نگیت بۆ ده‌كاته ده‌ق كه به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له بواری رۆژنامه‌وانیدا كار ده‌كه‌ن زۆر گرنگه.
به‌شێكی تری هه‌یه كه ده‌قی نووسین راست ده‌كاته‌وه و ئه‌م راستكردنهوانهش پشت به ژیریی ده‌ستكرد ده‌به‌ستێت، به‌كاربه‌ر ده‌توانێت خۆی گۆڕانكارییه‌كه له ده‌قێكی درێژ ده‌ستنیشان بكات و ژیری ده‌ستكرد بۆ جێبه‌جێ ده‌كات. جگه له‌مه ده‌ق له زمانێكه‌وه بۆ زمانێكی تر وه‌رده‌گێڕێت و هه‌ر جۆره پرسیارێكیشی لێ بكه‌یت، ئه‌وا به خێرایی وه‌ڵامت ده‌داته‌وه و توانای نووسینی بابه‌ت و كۆمه‌ڵێك شتی تری هه‌یه.
نووسینی نامه، ئاماده‌كردنی هه‌واڵ، ده‌ستكاریكردنی وێنه و كۆمه‌ڵێك خزمه‌تگوزاری تر له پلاتفۆرمهكهدا جێی بۆ كراوه‌ته‌وه.
سه‌نگه‌ر شنۆیی جگه له‌وه‌ی كه شاره‌زاییه‌كی زۆرباشی له بواری IT دا هه‌یه، له هه‌مان كاتدا كه‌سێكی زمانزانه و ده‌ستی له نووسین و كاری رۆژنامه‌وانیدا ره‌نگینه.
ئه‌و بۆ ده‌زگای میدیایی ''وشه'' باسی له پڕۆژه‌كه‌ی كرد و گوتی، به‌هۆی ئه‌و خولیایه‌ی بۆ زمانی كوردی هه‌یه‌تی و به له‌به‌رچاوگرتنی داهێنانی جیهانیی ژیری ده‌ستكرد و به‌پێی ئه‌و شاره‌زاییه‌ی خۆی له هه‌ر دوو بواردا هه‌یه‌تی، پێی باش بووه خزمه‌تێكی زمانی كوردی بكات و له‌م رێگه‌یه‌وه سوود به خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت.
شنۆیی پڕۆژه‌كه‌ی به ته‌نیایی دروست كردووه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی به قۆناغی پێشكه‌وتووی به‌كاربردن بگات و له رووی ته‌كنیكییه‌وه هیچ كێشه‌یه‌كی بۆ نه‌یه‌ته كایه‌وه، پێویستی به‌وه هه‌یه سێلڤه‌ر و كۆمه‌ڵێك پێداویستی تری بواری ئه‌لیكترۆنی بۆ دابین بكات كه پشت به پاره و پاڵپشتی دارایی ده‌به‌ستێت.
به‌گوته‌ی ئه‌و شاره‌زایه‌ی بواری ئای تی، هه‌ر ئێسته پڕۆژه‌كه‌ی كاری پێ ده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چه‌ند كه‌س به‌یه‌كه‌وه به‌كاری بهێنن، ئه‌وا خاو ده‌بێته‌وه، له هه‌مان كاتدا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌پێك دروست بكرێت و له رێگه‌ی مۆبایل و ئامێره‌كانی تری ئه‌لیكترۆنی به‌كار بهێنرێت، پێویستی به هه‌ندێك رێوشوێنی ته‌كنیكی هه‌یه كه به پاره جێبه‌جێ ده‌كرێت.
سه‌نگه‌ر شنۆیی باسی له پڕۆژه‌یه‌كی تری كرد كه تایبه‌ته به قوتابیان و مامۆستایان و ده‌كرێ بۆ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده و ناوه‌نده په‌روه‌رده‌ییه‌كان، زۆر به‌سوود بێت و هه‌موو كه‌سێك سوودی لێ وه‌ربگرێت و ئه‌و پڕۆژه‌یه‌شی ئاماده‌یه، ته‌نیا ئه‌وه ماوه لایه‌نێك پاڵپشتی پڕۆژه‌كه‌ی بكات.