پێشەنگای هونەری حەمە هاشم لە سلێمانی دەكرێتەوە

:: PM:06:09:24/11/2025 ‌
بڕیارە سبەی سێشەم، 25ی تشرینی دووەم، هونەرمەندی شێوەكاری كورد حەمە هاشم، پێشەنگایەكی تایبەت لە سلێمانی بكاتەوە. 

وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، پێشەنگایەکى هونەری تایبەتی بۆ هونەرمەندی كورد حەمە هاشم دەكاتەوە. 

حەمە هاشم هونەرمەندی شێوەكاری كورد بە "وشە"ی گوت، پێشەنگاكە لە هۆڵی مۆزەخانەی سلێمانی سەعات 11ی بەیانی دەكرێتەوە و تا 27ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. 

حەمە هاشم لە سەرەتای ئەم مانگەدا، پێشەنگایەكی تری شێوەكاری بە ناونیشانی "یادەوەریی بەرد" لە هەولێر كردەوە، كە تێیدا چەندان داهێنانی هونەری پێشكەش كردبوو. 

جیا لە هونەری شێوەكاری، ئەو؛ خاوەنی چەندان كتێبی تایبەتە کە دیارترینیان، "كتێبی ڤانكۆخ و ڕۆدان و ئەبستراكێت"ە کە بە زمانی كوردی نووسراون.

حەمە هاشم توێژەر و هونەرمەندی شێوەكاری كورد لەسەر یەكێك لە كتێبەكانی بەناوی "ڕۆدان" لە ئیتاڵیا، مەدالیایەكی زێڕینی پێ بەخشرا كە لەلایەن مۆزەخانەی "ڕۆدان"ـەوە بووە. كتێبەكە لەسەر ئۆگست ڕۆدانە كە هونەرمەندێكی پەیكەرتاشی ناوداری فڕەنسییە و لەسەر ئاستی هەموو دنیا ناوبانگەكەی بڵاو بووەتەوە.

حەمە هاشم كە هونەرمەندێكی چالاكە، جگە لەم كتێبە، چەندان كتێبی تری نووسیوە لە بواری شێوەكاری و هونەر، وەك خۆی دەڵێت، "جگە لە كتێبی ڤانكۆخ، كتێبێكم هەیە لەسەر هونەری پیرۆز كە گرنگی و بایەخی بە هونەری ئێزدییەكان داوە".




وشە - وشه‌