داوا دەكرێت حكوومەتی هەرێم گۆڕەكەی تۆفیق وەهبی نۆژەن بكاتەوە

:: AM:10:11:26/11/2025 ‌
سەرۆكی لقی هەولێری یەكێتیی نووسەرانی كورد، وێنەی گۆڕەكەی زانای گەورەی زمانی كوردی "تۆفیق وەهبی" بڵاو كردەوە و رای دەگەیەنێت، بەداخەوە ئەمە گۆڕی زانایەكی پایەداری كوردە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت پلانێكی وردی هەبێت بۆ رێزگرتن و لەبیرنەكردنی ئەو كەسانەی لە مێژووی گەلەكەماندا، دەور و پێگە و كار و چالاكی زۆریان هەبووە و تەمەنیان بۆ میلەتەكەیان تەرخان كردووە، لەناویاندا ئەو نووسەر و شاعیرانەی كە چەندان نەوەی تر سوود لە كارەكانیان دەبینن.

عەبدولڕەحمان فەرهادی سەرۆكی یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی هەولێر، دوێنێ 25 تشرینی دووەم، سەردانی چیای پیرەمەگروونی كردووە و تێیدا وێنەیەكی گۆڕی زانای گەورەی كورد "تۆفیق وەهبی" بڵاو كردووەتەوە، بە وێنەكەدا دیارە گۆڕێكی فەرامۆشكراوە و كەس نازانێت ئەوە گۆڕی پیاوێكی مەزنی كوردە.

فەرهادی نووسیویەتی، ئەمە گۆڕی ڕەوانشاد زانای زمانەوان و مێژوونووس و شوێنەوارناس و فەرهەنگنووسی گەورەی كورد «تۆفیق وەهبی»یە لە چیای پیرەمەگروون. بەداخەوە ئەمە گۆڕە هەڵنەچنراوەكەیەتی لە سەردەمی حوكمڕانیی كورد كە كەس نازانێ گۆڕی ئەوە. 

تۆفیق وەهبی دەستووری زمانی كوردیی لە ساڵی 1929 داناوە. دەرچووی كۆلیجی سەربازییە لە ئیستانبوڵ. لە ساڵی 1930 بووەتە موتەسەڕیفی شاری سلێمانی و لە ساڵی 1943 بووەتە وەزیری ئابووریی عێراق، لە ساڵی 1948دا بووەتە وەزیری مەعاریف پەروەردەی ئێستەی عێراق. 

دوای كودەتای 14 ی تەمووزی 1958، هەتا مردنی لە لەندەن ژیانی بەسەر برد. 
لە ساڵی 1984دا لە لەندەن كۆچی دوایی كرد. بە وەسیەتی خۆی تەرمی پیرۆزی هێنرایەوە كوردستان و لە پیرەمەگروون نێژرا. 

فەرهادی دەڵێ، زۆر بەداخەوە بە بینینی گۆڕی ئەم زانا و پیاوە گەورەیەی مێژووی كورد، كۆڵێك خەم دایگرتم. وێنەی گۆڕی تۆفیق وەهبی، ڕۆژی 2025.11.25 گیراوە






وشە - سۆران عەزیز