پڕۆژەی شەوانی سینەمای فڕەنسی لە سلێمانی بەژێرنووسی كوردی دەستی پێ كرد، بەپێی پلانەكە هەموو مانگێك فیلمێكی فڕەنسی بەژێرنووسی كوردی نمایش دەكرێت.
دانا كەریم سەرۆكی ڕێكخراوی ئاسیا بۆ كولتوور و هونەر، بە"وشە"ی گوت، بە هاوكاریی ئەنسیتوی فڕەنسی لە هەولێر، ڕێكخراوەكەمان پڕۆژەی شەوانی سینەمای فڕەنسی لە سلێمانی دەست پێ كردووە.
گوتیشی، فیلمەكان بە ژێرنووسی كوردی پێشان دەدرێن و هاووڵاتییان دەتوانن بەبێ بەرانبەر بینەریان بن.
سەرۆكی ڕێكخراوەكە باسی لەوەش كرد، ئامانجەكە ئەوەیە لەم رێگەیەوە خەڵكی شارەكە بە كولتووری فڕەنسی ئاشنا بكەن.
ئەوەشی گوت، لە بەرنامەدایە لە داهاتوو فیلمی كوردی لە فڕەنسا و وڵاتانی تری ئەوروپا نمایش بكەین.