شوێنەوارێكی دێرین دۆزرایەوە

:: PM:01:48:03/12/2025 ‌
دوای كێڵانی زەوییەك لەلایەن جووتیارێك و گیربوونی خەرماشەی تراكتۆرەكەی لە دوو بەرد، شوێنەوارێكی گرنگ و مێژوویی دەدۆزرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سێی كانوونی یەكەم، عەبدولوەهاب سلێمان بەڕێوەبەری شوێنەوار و كەلەپووری سۆران، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ یەكەمین جارە لە هەرێمی كوردستان گۆڕێكی وا بەكۆمەڵی شوێنەواری دەدۆزرێتەوە كە بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان، مێژووەكەی بۆ 2600 ساڵ بەر لە ئێستە دەگەڕێتەوە.

زیاتر گوتی، گۆڕەكە پاشماوەی پروسكی 11 پیاوی تێدا بووە، لەگەڵ ئێسك و پروسكی ئاژەڵی وەك ئەسپ و بزن، هەروەها كۆمەڵێك گڵینە (دیزە)ی تێدا دۆزراوەتەوە.

باسی لەوەش كرد، بڕیارە نموونەی پروسكەكان ڕەوانەی تاقیگەكانی دەرەوەی وڵات بكرێن بۆ ئەنجامدانی پشكنینی ورد، بە مەبەستی ئاشكراكردنی هۆكاری مردنی بە كۆمەڵی ئەو كەسانە و زانینی نهێنیی پشت ئەو ڕووداوە مێژووییە.

ئەوە لە كاتێكدایە چەند رۆژێك پێش ئێستە، جووتیارێك لە كاتی كێڵانی زەوییەكەی، خەرماشی لە دوو بەرد گیر دەبێت و دوای دەركەوتنی كونێك، دەردەكەوێت ئەو شوێنە شوێنەوارێكی گرنگ و مێژووییەی ناوچەكەیە.



وشە - رامیار جەواد