ئەو ژنەی کڵاوەکەی جەواهیری به‌ وشه‌ى كوردستان چنى بوو كۆچى دوایى كرد

:: PM:06:00:05/12/2025 ‌
دوای ململانێیەکی سەخت و درێژخایەن لەگەڵ نەخۆشی، خاتوو (دولبەر مەجید دەرگەڵەیی)، ژنە دەستڕەنگینی کورد کۆچی دوایی کرد، کە بەوە ناسرابوو کڵاوە بەناوبانگەکەی شاعیری گەورەی عەرەب (جەواهیری) بە دەستەکەکانی خۆی چنی بوو، كه‌ كوردستان یان نه‌مانى له‌سه‌ر نووسرا بوو.

قادر ئه‌سعه‌د هونه‌رمه‌ندى ناسراوى كورد ئه‌مڕۆ هه‌ینى پێنجى كانوونى یه‌كه‌م له‌ په‌یجى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فه‌یسبووك راى گه‌یاندووه‌، كه‌ خاتوو دولبه‌رى مامۆژنى كۆچى دوایى كردووه‌. خاتوو دولبەر کچی فەرماندەی دیار (مەجید بەگی میر محەمەد ئەمین)ـە، کە یەکێک بووە لە پێشمەرگە قارەمانەکانی داستانەکانی هەندرێن و کۆرەک. کەسوکاری دولبەر خان باس دەکەن کە ئەم خانمە جیا له‌ كارى چنین، خاوەنی بەهرەیەکی دیاری نووسین و شیعر بووە و کۆمەڵێک دەقی بڵاونەکراوەی هەیە کە تەرخانکراون بۆ وەسفی شەهیدان و پێشمەرگە و کوردستان.

یەکێک لە دیارترین کارە هونەرییەکانی ئەم خانمە، دروستکردنی کڵاوێک بوو بۆ شاعیری گەورە (محەمەد مەهدی جەواهیری)، کە لەسەری نەخشاندبوو (Kurdistan or Death- کوردستان یان نەمان) ژیانی ئەم خانمە پڕ بووە لە قوربانیدان، لە ساڵی 1966دا بە هۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بۆ سەر دەرگەڵە، دایکێک و خوشکێک و دوو برای لە یەک ساتدا شەهید بوون. 


وشە - پێشەنگ مەحموود