لە پێشانگەكەی زاخۆ 37 هەزار و 273 كتێب فرۆشراون و زۆرترینیان كتێبی سۆرانی بوون

:: PM:12:21:07/12/2025 ‌
دوای شەش ڕۆژ، كۆتایی بە پێشانگەی نێودەوڵەتی زاخۆ بۆ كتێب هات و بە هەزاران كەس سەردانی پێشانگەكەیان كردووە، كتێبفرۆشە سۆرانییەكان بازاڕی باشیان هەبووە.

ڕۆژی یەكشەمی ڕابردوو 30-11-2025، سەرۆك بارزانی یەكەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبی لە زاخۆ بە ناونیشانی "زاخۆ دەخوێنێتەوە" كردەوە، پێشانگەكە زیاتر لە 20 هەزار ناونیشانی كتێبی لەخۆ گرتبوو، هەروەها 65 دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەی ناوخۆیی و بیانی لە 10 وڵات بەشدارییان كردبوو.

عەتا رەئووف كە خاوەنی كتێبخانەی "هەژاری موكریانی"یە، لە هەڵەبجەوە چوو بووە زاخۆ لەبارەی پێشانگەكە قسەی بۆ "وشە" كرد و رای گەیاند، هەرگیز چاوەڕێمان نەدەكرد كتێبی سۆرانی لە زاخۆ بفرۆشرێت، بۆ فرۆشیش بەشداریمان نەكرد، پێمان وابوو چەند رۆژێك لە زاخۆ وەك گەشتێك بەسەر دەبەین.

عەتا دەڵێت: بەڵام بەپێچەوانەی چاوەڕوانی ئێمەوە كتێبی سۆرانی لە بادینان زۆر باش دەخوێنرێتەوە و زۆرترین كتێبمان لەو شەش رۆژەدا فرۆشت، بەجۆرێك كتێبخانەی "هەژاری موكریانی" بایی زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دیناری فرۆشت.

باسی لەوەش كرد، جگە لەوەی هۆتێل بۆ بەشداربووانی پێشانگەكە گیرابوو، خواردن دابین كرابوو، لە هەمان كاتیشدا شوێنەكە بە بێ بەرانبەر بە كتێبخانەكان درابوو.

پێشتر گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕای گەیاند، كردنەوەی پێشانگەكە لەلایەن سەرۆك بارزانییەوە ڕۆژێكی مێژوویی بوو و پێشانگەكەی دەوڵەمەندتر كرد.

گۆهدار شێخۆ ئاشكراشی كرد، بۆ ساڵی داهاتوو پلانیان هەیە بە شێوازێكی بەرفراوانتر و جوانتر پێشانگەی كتێب لە زاخۆ بكەنەوە، تا زۆرترین دەزگای چاپەمەنی لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق و دنیا بەشدار بن، هەروەها پێشانگەكە ببێتە دەرگایەك بۆ ئەوەی زاخۆ و دەڤەری بادینان بە بابەتی ڕۆشنبیرییەوە گرێ بدرێ.

لەلایەكی ترەوە كۆڤان حوسێن سەرپەرشتیاری پێشانگەكە گوتی، 53 هەزار و 934 كەس سەردانی پێشانگەیان كردووە، هەروەها 37 هەزار و 273 هەزار كتێب فرۆشراون. گوتیشی، كتێبی ئەدەبی كوردی پڕفرۆشترینی پێشانگەكە بوو.





وشە - سۆران عەزیز