ڕێوڕەسمی كۆتاهێنان بە 12یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی دهۆك بەڕێوەچوو، براوەكانی فێستیڤاڵەكە بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەنران و خەڵاتەكان دابەش كران.
لە میانی ڕێوڕەسمەكەدا پارێزگاری دهۆك عەلی تەتەر ڕای گەیاند: خۆشحاڵین كە هەفتەیەك بوو شاری دهۆك بووبووە شوێنی كۆكردنەوەی هونەرمەند و سینەماكاران. ئاماژەی بەوەش دا كە سروشتی شاری دهۆك گونجاوە بۆ دروستكردنی فیلمی سینەمایی.
گوتیشی: ئێمە بەرقەراربوونی ئاشتی و برایەتیمان دەوێت لە سەرانسەری دنیا، هیوادارین لە ڕێگەی ئەم فیلمانەوە ئەو پەیامەمان گەیاندبێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا خەڵاتی یەڵماز گونای پێشكەشی حەسەن هادی دەرهێنەری فیلمی (The Presidents Cake) كرا. هەروەها خەڵاتی بەهرەی نوێ پێشكەشی دامیان كۆكور دەرهێنەری فیلمی (Under the volcano) كرا. خەڵاتی باشترین فیلمی كوردی پێشكەشی سالم سەلاڤاتی، دەرهێنەری فیلمی (In the shadow) كرا.
هاوكات خەڵاتی باشترین سیناریۆ درا بە بڕوای وەهابپوور دەرهێنەری فیلمی ( My Uncle Jens). خەڵاتی باشترین ئەكتەری كوردیی سینەمای كوردی درا بەنازمی كرا.
خەڵاتی باشترین ئەكتەری ژنی كورد درا بە سەمیرە حاجی، خەڵاتی ڕێزلێنانی تایبەت بۆ بەڵگەفیلمەكانی جیهانی درایە، زەهرا غەندور بۆ فیلمی (Flana)
خەڵاتی بەڵگەفیلمی كوردی درا هێمن خالیدی بۆ فیلمی (SINGING WINGS)، خەڵاتی بەڵگەفیلمی بیانیی درا بە زەردەشت ئەحمەد بۆ فیلمی (The Lions By The River Tigris) .
ساڵانە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلم لە دهۆك، چەندان سینەماكاری كورد لەگەڵ سینەماكارانی دنیا لە شاری دهۆك كۆ دەكاتەوە، دەیان فیلمی هەرێمی كوردستان و جیهانی تێیدا پێشان دەدرێن و بووەتە پردێك لە نێوان سینەماكاراندا.