"وشە" بەرهەمە چاپكراوەكانی دەبەخشێتە كتێبخانەی چەمچەماڵ

:: PM:05:07:23/12/2025 ‌
دەزگای رۆژنامەوانیی "وشە" بڕیاری دا كتیبە چاپكراوەكانی ببەخشێتە كتێبخانەی چەمچەماڵ، كە بەهۆی لافاوەكەی نۆی ئەم مانگەوە زۆرینەی كتێبەكانی ئەو كتێبخانەیە لەناوچوون. 

"وشە" دەرگاكەی واڵا كرد
"وشە" خاوەنی چەندان بەرهەمی كتێبی چاپكراوە، كە نموونەی بەرزی چاپكراوەكانی كوردستان و نووسەرانی كوردن. 

ئەمڕۆ سێشەم 23ی كانوونی یەكەم، سەرباز ساڵح سەرنووسەری "وشە" رای گەیاند، بڕیاریان داوە هاوكاری بووژاندنەوەی كتێبخانەی چەمچەماڵ بكەن و تەواوی بەرهەمە چاپكراوەكانیان بۆ كتێبخانەكە دەنێرن. 

ڕوونیشی كردەوە، ئەوە ئەركی هەر دەزگایەكی چاپ و بڵاوكردنەوەیە كە لەم قۆناغەدا هاوكاری كتێبخانەی چەمچەماڵ بكات، كە ژێرخانێكی گەورەی مەعریفییان بەهۆی لافاوەكەوە لەناو چووە. 

بەرهەمە چاپكراوەكانی "وشە" بۆ ماڵی وەفایی
"وشە" 11 بەرهەمى پێشکەش بە ماڵی وەفایی کردووە لەوانە هەریەكە لە "ژانی ژن و ئاڵۆشی پیاو" و "كەوتن لە بەهەشتی ئەوروپا" و "رەشەبای ئۆكتۆبەر" لە چاپكراوەكانی "وشە"ن هەروەها لە نێو بەرهەمەكاندا "بۆرییەكانی ئاوەكانی حكومڕانی" و "ململانێی ناوماڵی شیعە لە حەوزەوە تا حەشد" و " فەیك نیوز" هەن كە خزمەت بە كتێبخانەكە دەكەن. 

بەرهەمەكانی "وشە" هەر ئەوەندە نین بەڵكو دوو كتێبی تری گرنگ و پێویستی تێیدان كە هەریەكەیان "كچەی خوێنەر" و "لە ئۆكتۆبەردا كوژرام" كە نووسینی نیهاد جامییە لەناو بەرهەمەكاندان.

كتێبەكانی "وشە" لە ڕێی ماڵی وەفاییەوە بۆ چەمچەماڵ رەوانە دەكرێت كە پێشتر وەفایی داوا لە دەزگای چاپ و بڵاوكردنەوەكانی كوردستان كردبوو، بەرهەمەكانی خۆیان بەدیاری ببەخشن بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ كە بەهۆی لافەوەكەوە، زۆر لە كتێب و سەرچاوەكانی كتێبخانەكە لەناو چوون.

ماڵی وەفایی رای گەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارین و دروستبوونی لافاو، جگە لە  قوربانی گیانی، زیانێكی گەورەی بە ژێرخانی دامەزراوەكانی چەمچەماڵ گەیاند، لەناویشیاندا كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ كە بەهۆی لافاوەكەوە زۆر لە كتێب و سەرچاوەكانی كتێبخانەكە لەناو چوون.

هاوكات داوایش لە نووسەران و ڕۆشنبیران دەكات، ئەگەر بە تاكە یەك كتێبیش بێت بەشداربن لەو هەڵمەتە نیشتمانی و ئەخلاقییەدا. "هەر نووسەر و ناوەندێكیش دەیەوێت بەرهەمەكانی بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ببەخشێت، ئێمە لە ماڵی وەفایی، هاوكار دەبین لە گەیاندنی كتێب و سەرچاوەكان بە كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ".

لەمڕۆوە بیهێنن 
لەلایەكی ترەوە بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكانی چەمچەماڵ لە بانگەوازێكدا بۆ نووسەر و رۆشنبیر و خوێنەرانی كتێب رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ دەست بە وەرگرتنی كتێبەكان دەكەن، تا رۆژی یەكی كانوونی دووەمی 2026 بەردەوام دەبن.

بەڕێوەبەرایەتیی كتێبخانە گشتییەكانی چەمچەماڵ لە پەیامێكدا بڵاوی كردووەتەوە، بانگەواز و پەیامێك بۆ نووسەران و ڕۆشنبیران، خوێنەران و عاشقانی كتێب و كتێبخانە، ناوەند و دەزگا و كتێبخانەكان، ئەوانەی هەڵمەتی كۆكردنەوەی كتێبیان بۆ كتێبخانەی گشتیی چەمچەماڵ ڕاگەیاندبوو، یان بەڵێنیان دابوو كتێبەكانی كتێبخانەكەیان ببەخشن، ئێمە لە ڕۆژی سێشەم 23ی كانوونی یەكەمەوە تا رۆژی پێنجشەمی داهاتوو واتە یەكی كانوونی دووەمی 2026، ڕۆژانە لە سەعات 9:00ی بەیانی تا 3:00ی پاش نیوەڕۆ چاوەڕوانتانین و لە خزمەتاندا دەبین بۆ وەرگرتنی كتێبەكانتان.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم