"مردنی مامۆستا عینایەت" ی بەختیار عەلی بەمزووانە بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:10:43:01/01/2026 ‌
ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند ئاشكرای كرد: "مردنی مامۆستا عینایەت"  ڕۆمانە نوێیەكەی بەختیار عەلی ڕۆماننووسی دیاری كوردە، بڕیارە 2026 بڵاوبكرێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوەكە، لەگەڵ هاتنی ساڵی نوێدا، ناوەندەكە لە ماوەیەكی نزیكدا ڕۆمانەكە چاپ و بڵاودەكاتەوە، كە لە ئاستی ناوەڕۆكدا جیاوازە لە رۆمانەكانی تری نووسەر.

بەختیار عەلی هێشتا پڕبنووس ترینی ناو نووسەرانی كوردە، هاوكات كتێبەكانی بەردەوام خوێنەرێكی زۆریان هەیە، كتێبەكانیشی ئاستی هۆشیاری خوێنەران بەرز دەكاتەوە.

ساڵی 2025، وێڕای وەرگێڕانی بەرهەمەكانی بۆسەر زمانە جیهانییەكان، بەختیار عەلی بەرهەمێكی فیكریی بە ناونیشانی "بەرەو كۆتاییەكانی سەدەی خەون" بڵاوكردەوە.

بەختیار عەلی  لەدایكبووی 1960 لە سلێمانی لەدایك بووە،  ڕۆماننووس، شاعیر و ڕۆشنبیرێكی كوردە، و یەكێكە لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری ڕەھەند.دەوری زۆری لە كایەی رۆشنبیری كوردیدا هەبووە.




وشە - سۆران عەزیز